دووەمین کۆنفرانسى زانستى پزیشکى و بایەلۆجى بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بە مەبەستى بەرەو پێشبردنى توانا ئەکادیمیەکانى مامۆستایان و توێژەران، بە چاودێریى هەردوو وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى عێراقی فیدراڵ و حکومەتى هەرێمى کوردستان، دووەمین کۆنفرانسى زانستى پزیشکى و بایەلۆجى بەڕێوەچوو.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (2021/11/10) بە ئامادەبوونى بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکان و لێپرسراوان، دووەم کۆنفرانسى زانستى پزیشکى و بایەلۆجى, بە هاوبەشى لە نێوان هەرسێ زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و زانکۆى فوراتى ناوەڕاست و زانکۆى تەکنیکى باکوور، لە سەنتەرى ڕۆشنبیرى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکدا د.عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بەناوى وەزارەتى خوێندى باڵاى هەرێم وتەیەکى پێشکەش کرد و تیایدا ئاماژەى بە گرنگیى کۆنفرانسى زانستیى لەم شێوەیە کرد کە بە هاوبەشى لە نێوان سێ زانکۆى عێراقى و کوردستانى لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان بەڕێوە دەچێت، وتیشى ئەنجامدانى ئەم کۆنفرانسە کردنەوەى دەرگایەکى زانستى و ئەکادیمییە بەڕووى توێژەران و مامۆستایان و ئاشناکردن و یەکترناساندنى ئەو توێژەیە لە نێوان هەرێمى کوردستان و عێراقدا.
لە درێژەى وتەکەیدا بریکارى وەزارەتی خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: ئەنجامدانى ئەو جۆرە کۆنفرانسانە پێویستییان بە هەوڵ و ماندووبوونى زانستى و کارگێڕى و کۆبوونەوەى فراوان هەیە و کاتێکى زۆرى پێوستە بۆ ئامادەسازی لە ڕووى جێبەجێکردن و ئامادەکردن و دیاریکردنى تەوەر و باسەکان، بەڵام سازدان و ئەنجامدانى کۆنفراسى لەو جۆرە بەیەکێک لەو چالاکیە زانستییانە دادەنرێت کە بەردەوام زانکۆکان هەوڵى بۆ دەدەن، چونکە چالاکى لەو جۆرە ڕووییەکى گەش و پڕشنگدارى زانکۆکان نیشان دەدات.
لە کۆتایی وتەکەیدا بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى هەرێم، ئاماژەى بە بایەخ و گرنگیی ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى بۆ سەرجەم سێکتەر و بوارەکان کرد، بۆ ئەمەش داواى کرد پێویستە ساڵانە لە بودجەى گشتیى بودجەیەکى تایبەت بۆ پەرەپێدانى توێژینەوەى زانستى بۆ سەرجەم زانکۆکانى عێراق و هەرێمى کوردستان تەرخان بکرێت.
هەر لەمیانەى کۆنفرانسەکە کە دوو ڕۆژ دەخایەنێت، هەریەک لە (دکتۆر کاوە عبدالکریم شێروانى) سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و (د. موزەفەر الزاهیرى) سەرۆکى زانکۆى فوراتى ناوەڕاست و (د. علیا عباس عەتار) سەرۆکى زانکۆى تەکنیکى باکوور وتەى جیا جیایان پێشکەش کرد و، تیایدا ئاماژەیان بە گرنگیى ئەنجامدانى کۆنفرانسى هاوبەشى زانستى و ئەکادیمى لەو جۆرە کردەوە، کەتیایدا (٩٣) توێژینەوەى زانستى پێشکەشکراوە و لەلایەن لیژنەى زانستیى (٥٧) توێژینەوە بۆ ئەم کۆنفرانسە وەرگیراوە.