Skip to the content

وۆرکشۆپى خەمڵاندن، حوکمڕانی، کوالێتی، لێپرسینەوە و پرۆسەی ئەزموونگەرى چاکسازی لە زانکۆکانى کوردستان دەستى بەکارەکانى کرد

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بە چاودێریى د.ئارام محه‌مه‌د قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، وۆرکشۆپى (خەمڵاندن، حوکمڕانی، کوالێتی، لێپرسینەوە و پرۆسەی ئەزموونگەرى چاکسازی لە زانکۆکانى کوردستان) بە ئامادەبوونى ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و سەرۆکى زانکۆکان و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى دیوانى وەزارەت و، سەرپەرشتیار و لێپرسراوانى ڕێکخراوی (UNIMED)ی ئیتاڵی دەستى بەکارەکانى کرد.
لەو وۆکشۆپەدا، کە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (٢٩/١١/٢٠٢١) لە هۆڵى سه‌نتەرى ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەڵاحەددین-هەولێر بەڕێوەچوو، لە سەرەتادا چەند وتارێک پێشکەش کرا، لەو چوارچێوەیەدا د. محه‌مه‌د حوسێن ئه‌حمه‌د سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری لە دیوانى وەزارەت وتارێکى پێشکەش کرد و دەستخۆشى لە ڕێکخراوى (UNIMED)ی ئیتاڵی بۆ هەماهەنگى و هاوکارییەکانیان لە بوارى چاکسازى و پەرەپێدان بەپڕۆسە و سیستمى بەڕێوەبردنى خوێندنى باڵا لە زانکۆکانى کوردستان كرد.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، بە گرنگیەوە باسى لە وۆرکشۆپەکە کرد و وتى: ئەم پڕۆژەیە بایەخى تایبەتى لەسەر بەرزکردنەوەی توانای سەرچاوە مرۆییەکان هەیە، هەروەک جەخت لە چاکسازی بۆ سیستمی خوێندنی باڵای ناوخۆ لەڕێگەی جێبەجێکردنی پرۆسەی بۆلۆنیا دەکاتەوە، جگە لەوەش پلاندانانی ستراتیژی و بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا خاڵێکى دیکەى گرنگى کۆنفرانسەکەیە، ڕاشیگەیاند: وەزارەت هەموو هەوڵێکى خۆى دەدات بۆ باشترکردنى سیستمى خوێندنى باڵا لە کوردستان. 

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، د.محه‌مه‌د حوسێن وتى: حوکمڕانێتی لە پەروەردەدا بە مانای پرۆسەی دووبارە بنیاتنانەوە و چۆنیەتی ئەنجامدانی چالاکی فێرکردن دێ. بۆیە حوکمڕانێتی باش بریتییە لە کۆمەڵێک بەرپرسیارێتی و ڕێکاری ڕاهێنان لەلایەن دامەزراوەیەک یان حکومەتێکەوە بۆ دابینکردنی ئاراستەی ستراتیژی بۆ دڵنیابوون لە ئامانجەکانى فێرکردن، ئەوەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی کاریگەر و کارای سەرچاوەکان و لێپرسینەوە و بەشداری خەڵک لە بڕیارداندا بەدى دێ.
سەبارەت بەکواڵیتى خوێندنیش سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری ڕایگەیاند: کوالێتی لە فێرکردن وا لە خەڵک دەکات هەموو خەسڵەت و کارامەییەکانیان پەرە پێبدەن، ڕوونیشکردەوە کوالێتی بناغەی دادپەروەری لە کۆمەڵگه‌دا دابین دەکات  و بە یەکێک لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییە گشتییەکان دادەنرێت کە ئێمە لە فێرکردندا هەمانە.

هەر لەوتارەکەیدا، باسى لە چەندین لایەنى دیکەى گرنگى وۆرکشۆپەکە کرد و، هیواى خواست لەماوەى دوو ڕۆژى وۆرکشۆپەکەدا بە وردى تاوتوێى سەرجەم لایەنەکان بکەن، بە گەڵاڵەکردنى پێشنیاز و ڕاسپاردەى گونجاو وۆرکشۆپەکە کۆتایى پێ بێت. 

هەر لە مەراسیمى کردنەوەى وۆرکشۆپەکەدا، هەریەک لە مارسیلۆ سکالیسی بەڕێوەبەرى ڕێکخراوى (UNIMED)ى ئیتاڵى و، ماری پارێت، سەرۆکی نووسینگەی وەفدى یەکێتی ئەورووپا لە هەولێر (TBC) و، ئان کاثرین لە زانکۆی پیسا، و پسپۆڕی بۆلۆنیا وتەیان پێشکەش کرد، لە وتەکانیاندا باسیان لەلایەنە جیاکانى وۆرکشۆپەکە و گرنگیەکانى بۆ پەرەپێدان بەخوێندنى باڵا لە کوردستان کرد.
دوا بەدواى پێشکەشکردنى وتارەکان، بەرنامەى کارى وۆرکشۆپەکە دەستی پێکرد، بۆ ئەوەش لە پانێڵی یەکەمدا کە تایبەت بوو بە (جێبەجێکردنی پڕۆسەی بۆلۆنیا و سیستمی بەڕێوەبردنی خوێندنی باڵا لە کوردستان: تێڕوانین و ئاڵنگارییەکان)  لەلایەن د. محه‌مه‌د حوسێن ئه‌حمه‌د سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری لە دیوانى وەزارەت و، د.جەوهەر فەتاح سەعید سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین-هەولێر و، نوێنەرى سەرۆکى زانکۆى سلێمانى بەجیا تێڕوانین و بۆچوونەکانیان لەبارەى پڕۆسەى بۆلۆنیا پرۆسیس باسکرد.
پانێڵى دووەمى وۆرکشۆپەکە تایبەت بوو (بەبەهێزکردنی حوکمڕانی باش و خۆبەڕێوەبەریی دامەزراوەیی زانکۆی لە بوارى ژمێریاری و بەرپرسیاریەتى زانکۆ)، ئەو پانێڵەش لەلایەن سیلڤیا مارچیۆن، بەڕێوبەری ڕێکخراوى (UNIMED)ى ئیتاڵى، مارکۆ ئاباتێ لە زانکۆی پیسا، سەڵاح ڕەزا سەعید سەرۆکی زانکۆی چەرمو، سۆمۆدیپ سەرکار لە زانکۆی ئیڤۆرا گفتوگۆیان لەسەر ناونیشانى پانیڵەکەدا کرد.
وۆرکشۆپەکە، لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی (UNIMED)ی ئیتاڵی بۆ ماوەى دوو ڕۆژە بەردەوام دەبێت و، (٨) هەشت زانکۆ لە هەرێمى کوردستان و، (٤) چوار زانکۆ لە زانکۆ بەناوبانگەکانى ئەورووپا بەشدارن، لە ڕێگەى چەند پانێڵێکى دیکە بەشداربووان تاوتوێى سەرجەم لایەن و تەوەرەکانى بابەتەکە دەکەن و، دواى گەڵاڵەکردنى ڕاسپاردەکان، ئینجا بەرز دەکرێنەوە بۆ وەزارەت تا کارى لەسەر بکرێ.