وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕێککەوتنامەیەک لەگەڵ زانکۆى کامبریجى بەریتانى ئیمزا دەکات
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بە چاودێرى و ئامادەبوونى د.ئارام محهمهد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، بە ئامادەبوونى دكتۆر چارلس کلارک وەزیرى پێشووى پەروەردەى بەریتانیا و ئەندامى باڵاى بۆردى ئەمیندارى زانکۆى کامبریج و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ زانکۆى کامبریج لە مەراسیمێکدا ڕێککەوتنامەیەکیان لە بوارى زمانى ئینگلیزى ئیمزا کرد.
مەراسیمەکە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (٢٣/١١/٢٠٢١) بەشێوەى ئۆنلاین لە نێوان هەردوو وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، زانکۆى کامبریج بە ئامادەبوونى نوێنەرانى هەردوولا بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا دكتۆر محهمهد حوسێن سەرۆکى لیژنەى باڵاى سەرپەریشتیکردنى سهنتەرەکانى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى دڵنیایى جۆرى و متمانەبەخشین، بەناوى وەزارەتى خوێندنى باڵا وتارێکى پێشکەش کرد.
لە وتارەکەدا بەگرنگیەوە باسى لە بایەخدانەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسهنتەرەکانى زمان کرد و وتى: لەبەر ڕۆشنایی بڕیارەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا، کە جەختکردنەوەیە لەسەر پەرەپێدان بە توانا زانستى و مرۆییەکانى سهنتەرەکانى زمان خاڵەکانى ئەم ڕێککەوتنامەیە لەگەڵ زانکۆى کامبریج وەک یەکێک لە زانکۆ پێشەنگەکانى جیهان گەڵاڵە کراوە.
دكتۆر محهمهد حوسێن ئەوەشى ڕاگەیاند: ئەم ڕێککەوتنامەیە دەستپێکى کارى هاوبەشى نێوانمان دەبێ بۆ پەرەپێدانى زیاتر بە سهنتەرەکانى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆکانى کوردستان و بەرزکردنەوەى کواڵیتى خوێندن و هەوڵدان بۆ ناساندنى بڕوانامەکانیان لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى.
بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ ڕوونکردنەوەى تەوەرەکانى ڕێککەوتنامەکە، کە بریتین لە هەڵسەنگاندنى سهنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى کوردستان لەلایەن زانکۆى کامبریج و، ڕاهێنانى ستافى زانستى سهنتەرەکان لەلایەن تیمێکى پسپۆڕ و شارەزای زانکۆى کامبریج و، هەڵسەنگاندنى شێوازى تاقیکردنەوەکانى بەشداربووانى خولەکانى سهنتەرەکانى زمان.
لە کۆتایى وتارهکەیدا سوپاسى هەموو ئەو کەس و لایەنانە کرا کە لە ماوەى چوار ساڵى ڕابردوودا کارى گرنگیان کرد بۆ گەڵاڵەکردنى خاڵەکانى ئەم ڕێککەوتنامەیە و ئیمزاکردنى، هەروەک جەختیش لەسەر ئەوە کرایەوە ڕێککەوتنامەکە دەبێتە نەخشەڕێى پەرەپێدانى زیاتر و بەرزکردنەوەى کواڵیتى خوێندن لە سهنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى کوردستان.
دكتۆر چارلس کلارک وەزیرى پێشووى پەروەردەى بەریتانیا، کە لەهەمانکاتدا ئەندامى بۆردى ڕاوێژکارى زانکۆى کامبریجە، وتارى زانکۆى کامبریجى پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا باسى لە هەنگاوەکانى ئیمزاکردنى ڕێککەوتنامەکە و، گرنگیى پەیوەندى زانستى لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و زانکۆى کامبریج کرد و، ڕایگەیاند: "هاوبەشیکردن لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە حکومەتى هەرێمى کوردستان کارێکە بە تەواوى لە ئامانجە نێودەوڵەتیەکانى زانکۆى کامبریجە". وتیشى "دەزانین ئەمە کارێکى هاوبەشى سەرەتاییە لەگەڵ سهنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى کوردستان، بەڵام ئێمە پێکەوە هەنگاو دەنێین بەهیواى دروستکردنى پەیوەندییەکى درێژخایان لەگەڵ هاوڕێکانمان لە حکومەتى هەرێمى کوردستان".
لە کۆتایى وتارەکەشیدا، نوێنەرى زانکۆى کامبریج هیواى خواست" ئەو کارە هاوبەشە بۆ هەردوولا بەرهەمدار بێت و تیمە تەکنیکیەکانى زانکۆکەیان شارەزاییەکانیان بخەنە خزمەت پەرەپێدان بەزمانى ئینگلیزى لە کوردستان".
پاشان هەریەک لە دكتۆر ستیڤن موراى بەڕێوەبەرى کاروبارى هاوبەشى زانکۆى کامبریج لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکوورى ئەفریقا و، دكتۆر ئانا کینگزى سەرۆکى بەشى هاوبەشیکردن لە زانکۆى کامبریج چەند پەیڤێکى کورتیان پێشکەش کرد.
لە کۆتایى مەراسیمەکەدا، ڕێککەوتنامەکە لە نێوان دكتۆر محهمهد حوسێن سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى دڵنیایى جۆرى و متمانەبەخشین لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، دكتۆر چارلس کلارک لە زانکۆى کامبریج ئیمزا کرا.
ڕێککەوتنامەکە چەندین تەوەر و خاڵى گرنگى لەخۆگرتووە، وەک لە ڕێککەوتنامەکەدا هاتووە، زانکۆى کامبریج هەڵسەنگاندنى ورد بۆ لایەنە جیاکانى سهنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى کوردستان دەکات بۆ دیاریکردنى ئاستى زانستى و، دەستنیشانکردنى خاڵی لاوازى سهنتەرەکان، دواى گەڕانەوەشیان ڕاپۆرتێکى ورد پێشکەش بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەکەن، بە ئامانجى کارکردنى وەزارەت لەسەر خاڵە لاوازەکان بۆ بەهێزکردنیان.
تەوەرى دووەمى ڕێککەوتنامەکە تەرخانکراوە بۆ ڕاهێنان بە ستافى سهنتەرەکانى زمان لە ڕووى شێوازى وانە وتنەوە و پڕۆگرامەکانى خوێندن، لەهەمانکاتدا کارکردن بۆ بەرزکردنەوەى کواڵیتی سهنتەرەکان بەشێکى دیکەى ڕێککەوتنامەکەیە بەشێوەیەک بتواندرێ لەگەڵ زانکۆى کامبریج بڕوانامەى هاوبەش ببەخشن بە بەشداربووانى خولەکان.
تەوەرى کۆتایی خولەکە بریتییە لە گۆڕانکاریکردن لە شێوازى تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندن لە سهنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى کوردستان، بەشێوازێک بەرەو تاقیکردنەوە نێودەوڵەتیەکان هەنگاو بنێن.
لە مەراسیمەکەدا، ژمارەیەک لە سەرۆکى زانکۆکانى کوردستان و، ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانى دیوانى وەزارەت و، بەرێوەبەرى سهنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى کوردستان ئامادەى مەراسیمەکە بوون.