دیدارى دەستپاکیى توێژینەوەى ئەکادیمی بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى ڕایدەگەیەنێت"حاڵەتەکانى لادان لە دەستپاکى توێژینەوەى ئەکادیمی لە هەڵکشاندایە"، ئەو وتەیەى د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى لە میانەى وتارێکیدا هات، کە لەلایەن د.عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى لە دیدارى دەستپاکى توێژینەوەى ئەکادیمى خوێندرایەوە.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (٢/١١/٢٠٢١) لە هۆڵى سەنتەرى ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەڵاحەددین، بە ئامادەبوونى ژمارەیەک لە وەزیرەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و سەرۆک زانکۆکان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەری گشتی و، نوێنەرى ڕێکخراوى (UNDP) لە عێراق و، ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایان، یەکەمین دیدارى هاوبەشى نێوان دەستەى دەستپاکى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو.
دیدارەکە، بە ساتێک ڕێزگرتن بۆ گیانى پاکى شەهیدان و، سروودى نیشتیمانى ئەى ڕەقیب دەستیپێکرد، پاشان چەند وتارێک پێشکەش کرا، لە وتارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیدا، کە لە لایەن د.عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى خوێندرایەوە، وتى: ماوەیەک لەمەوبەر بابەتى دەستپاکى ئەکادیمى بەشێوەیەکى گشتى و توێژینەوەى زانستیى بە تایبەتى لە ناو دیوانى وەزارەت لە دانیشتن و کۆبوونەوەکانمان گفتوگۆى زۆرى لەسەر دەکرا، بەتایبەت کە هەست دەکرا حاڵەتەکانى لادان لە دەستپاکى توێژینەوەى ئەکادیمى لە هەڵشکاندایە.
بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کە لەهەمانکاتدا سەرۆکى لیژنەى ئامادەکاریى دیدارەکەش بوو، وتى: بەهۆى ئەوەى پاراستنى دەستپاکى ئەکادیمى و بەرەنگاربوونەوەى لادانەکان یەکێکە لە ئەرکەکانى دەستەى دەستپاکى هەرێمى کوردستان، بۆیە بیرۆکەى بەستنى ئەم دیدارە هاوبەشە گەڵاڵە کرا. سەبارەت بە گرنگیى دیدارەکە، د. عبدالفتاح عبدالرزاق ڕایگەیاند: گرنگیى بەستنى ئەم دیدارە هاوبەشە خۆى لە مەترسى و ترسناکییەکانى لادان لە دەستپاکى ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستیى دەبینێتەوە، چونکە کاریگەرى زۆر خراپى لەسەر متمانەکردن دەبێت و، دەبێتە هۆى نەمانى متمانە بە توێژەر و توێژینەوەکانیان، ئەوەش لە بەهاو ڕەسەنایەتى کەم دەکاتەوە و، پێشێلکارییشە بۆ خاوەنداریەتى هزرى و مافى توێژەران، لە هەمانکاتدا بەهەدەردانى کات وماڵى گشتییشە، ئاماژەى بە خاڵێکى دیکەى گرنگى دیدارەکە کرد و وتى: لادان لە دەستپاکى توێژینەوەى ئەکادیمی پێشێلکارییەکى ترسناکى بنەماکان و بەها و ڕەفتارى ئەکادیمیە، کە پێویستە هەڵوەستەى گەورەى لەبارەوە بکرێ و بە ئاسانى سازشى لێ نەکرێ، هەر بۆیە کارکردن بۆ داڕشتنى ڕەشنووسێک بۆ بنەماکانى ڕەفتار و ڕەوشتى ئەکادیمى بۆ مامۆستا و قوتابیان و خوێندکاران یەکێکە لە کارە گرنگەکانى داهاتوومان، کە ڕەشنووسى سەرەتاى ئامادە کراوە.
هەر لە مەراسیمى کردنەوەى دیدارەکەدا، لە لایەن د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکى دەستەى دەستپاکى هەرێمى کوردستان و، نوێنەرى ڕێکخراوى (UNDP) لە عێراق بە جیا وتەیان پێشکەش کرد، لە وتەکانیاندا بە گرنگییەوە باسیان لە گرنگیى دەستپاکى توێژینەوەى ئەکادیمى دەکرد بۆ پەرەپێدانى کۆمەڵگە و فراوانکردنى ئاسۆى مەعریفە بۆ خودى توێژەر و ناوەندە ئەکادیمیەکان و هاووڵاتیان بە گشتى، هەروەک هیواشیان خواست دیدارەکە بە ڕاسپاردەى گرنگ کۆتایی بەکارەکانى بهێنێ.
دوابەدواى پێشکەشکردنى وتارەکان، لە ڕێگەى سێ پانێڵەوە لەلایەن مامۆستایانى زانکۆ و توێژەران و پسپۆڕانى بوارەکە خوێندنەوە بۆ لایەنە جیاکانى بوارەکە کرا، بۆ ئەوەش پانێڵەکان تەرخانکرابوون بۆ دەرفەتەکان و چارەسەرییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى لادان لە دەستپاکیى توێژینەوەى ئەکادیمى، تیایدا باس لە ئەزموونى زانکۆ پێشکەوتووەکانى جیهان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى پێشێلکاریەکانى دەستپاکیى توێژینەوەى ئەکادیمى کرا.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا ، د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشداریى بەشێکى پانێڵەکان و دیدارەکە بوو، تیایدا لەبارەى گرفت و ئاڵنگاریی بەردەم دەستپاکیى توێژینەوەى ئەکادیمى باسى لە جۆر وشێوازەکانى لادان لە دەستپاکى توێژینەوەى ئەکادیمى کرد و کاریگەرى دەستپاکیى ئەکادیمى بۆ پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییەکان لە دامەزراوە ئەکادیمیەکان و گرفت و ئاڵنگارییەکانى بەردەم دەستپاکیى توێژینەوەى ئەکادیمى لەسەر ئاستى ناوخۆیی ڕوونکردەوە.
دیدارە هاوبەشەکەى نێوان دەستەى دەستپاکى هەرێمى کوردستان و، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کە بە هاوکاریى ڕێکخراوى (UNDP) لە ئێراق بەڕێوەچوو، بە گەڵاڵە کردنى کۆمەڵێک ڕاسپاردەى گرنگ و چەسپاندنى، کۆتایی بەکارەکانى هات.