Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا: لە ئایندەیەکى نزیکدا پلانى ستراتیجی پەرەپێدانی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی جێبەجێ دەکرێت

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێت خەڵکی کوردستان چاوەڕێى لە زانکۆ تایبەتەکان ئەوەیە کە بەئاستێکی زانستی بەرز و بەپێی ستانداردی ئەکادیمی خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش بکەن، لە هەمان کاتدا دەبێت زانکۆ تایبەتەکان زیاتر خۆیان ماندوو بکەن و وەبەرهێنانی زیاتر لەپەرەپێدانی کواڵیتی خوێندن و ڕاهێنان ئەنجام بدەن. چونکە گەنجانی وڵاتەکەمان شایستەی باشترین و بەرزترین ئاست و کواڵیتی خوێندنن".
 
ئەم وتانەى د.ئامانج عەبدوڵلا، سەعید ڕاوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەمیانى پێشکەشکردنى وتارێكیدا هات کە بە نوێنەرایەتى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕێوڕەسمى ئاهەنگى دەرچوانى زانکۆى جیهان – هەولێر پێشکەشیکرد.
 
لەو ڕێوڕەسمى ئاهەنگى دەرچونەدا، کە بە چاودێرى د.ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو، د. ئامانج عەبدوڵلا سەعید بەنوێنەرایەتى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى خوێندەوە و دواى پیرۆزبایکردن لە دەرچوان و کەسوکاریان، بە دەرچوانى وت: لە کاتی خوێندنی ئێوە هەرێمی کوردستان بە قۆناغی دژوار و ئاڵنگاری گەورەدا  تێدەپەڕی، قەیرانی ئابووری و سیاسی و پەتای جیهانی کۆرۆنا لەو کاتانەدا ڕویاندا کە ئێوە لە ناوەڕاستی پرۆسەی خوێندندا بوون. بەڵام جێی شانازییە کە توانیتان سەربەرزانە بەسەر هەموو کۆسپ و ئاڵنگارییەکاندا سەرکەون و قۆناغێکی گرنگی ژیانتان بەسەرکەتوویی تێبپەڕێنن، ئێمە شانازیتان پێوە دەکەین ، ئێوە سەرمایەی مرۆیی وڵاتەکەمانن، پێویستمان بە وزە و توانای داهێنان و بەشداری کارای ئێوە هەیە لە پرۆسەی پەرەپێدانی هەمەلایەنەی هەرێمی کوردستان و بنیادنانی نیشتیمان، زۆر گرنگە ئێوە بە چاوی هیوا و بەوپەڕی بڕوابەخۆبوونەوە لە ئایندەی خۆتان و وڵاتەکەتان بڕوانن.
 
سەبارەت بەدیگەى وەزارەت بۆ خوێندنى تایبەت، ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: "کەرتی خوێندنی تایبەت بەشێکی گرنگی سیستمی خوێندنی وڵاتەکەمان پێک دەهێنن، وەزارەتی خوێندنی باڵا  بە گرنگییەوە لە زانکۆ تایبەتەکان دەڕوانێت، چاوەڕوانی ئێمە و  خەڵکی کوردستان لە زانکۆ تایبەتەکان ئەوەیە کە بەئاستێکی زانستی بەرز و بە پێی ستانداردی ئەکادیمی خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش بکەن"، وتیشى "دەبێت زانکۆ تایبەتەکان زیاتر خۆیان ماندوو بکەن و وەبەرهێنانی زیاتر لەپەرەپێدانی کواڵیتی خوێندن و ڕاهێنان ئەنجام بدەن. چونکە گەنجانی وڵاتەکەمان شایستەی باشترین و بەرزترین ئاست و کواڵیتی خوێندنن". ئاشکراشیکرد، کە چاوەڕوانی وەزارەت و خەڵکی کوردستان لە زانکۆ تایبەتەکان ئەوەیە کە بتوانن لە ڕووی پەرەپێدانی ژێرخان و توانای مرۆیی و دەستەبەرکردنی پێداویستییە زانستییەکان و سیستمی خوێندن و  ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن نمونەی سەرکەوتوو ناوازە پیشکەش بکەن، و هەوڵ بدەن کامپەسی شایستە بنیاد بنێن و هەوڵەکانیان زیاتر چڕ بکەنەوە بۆ بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی بۆ پرۆگرامەکانی خوێندن و متمانەی دامەزراوەیی بۆزانکۆکان. 
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، د.ئامانج عەبدوڵلا سەعید باسى لە پلانى وەرگرتنى قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆکان و دەرفەتى یەکسان بۆ هەموان کرد و وتى: ئێمە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا کارمان کردووە بۆ ئەوەى ڕیفۆرمى قوڵ لە سیستمى خوێندنى وڵاتەکەمان بکەین، بەشێکى ئەم پڕۆگرامانە پەیوەندیداربوون بەخوێندنى تایبەت لە هەرێمى کوردستان، هەروەها بەشی دیکەى بریتی بووە لەوەى کە بەشى هەرە زۆری دەرچوانی ئامادەیی لە خوێندنی حکومی جێگە بکەینەوە و سود لە ئەوپەڕی توانای وەرگرتنی زانکۆ حکومییەکان وەربگرین، هەروەها هەوڵی تەواومان داوە کە پلانی وەرگرتن لە هەموو کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆ حکومییەکان فراوان بکەین، بە تایبەت لە کۆلێژ و بەشەکانی کۆمەڵەی پزیشکی.  

کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ حکومیەکان بەگشتى و زانکۆ تایبەتەکان بەشێوەیەکى تایبەت بەشێکى دیکەى وتارەکەى ڕاوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێکهێنا، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: بە هەوڵی جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئەنجومەنی وەزارەت، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ٤٥٪ ی کرێی خوێندنی ئێواران و پارالێل و ١٠٪-٢٥٪ کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان داشکێنرا، بەڵام هێشتا زانکۆ تایبەتەکان دەبێت لەڕێگەی پرۆگرامی سکۆڵەرشیپی تایبەتەوە هاوکاری زیاتری خوێندکارانی سەرکەوتوو بکەن و نەهێڵن کرێی خوێندن ببێتە لەمپەڕ لەبەردەم بەدیهێنانی خەون و ئاواتەکانیان، بەڵکو دەبێت بە هەموو لایەکمان هەوڵ بدەین دەرفەتی یەکسان بۆ گەنجانی وڵاتەکەمان برەخسێنین.

سەبارەت بەپلان و ستراتیجیەتى وەزارەت بۆ بەستنەوەى زانکۆکان بەبازارى کار، د.ئامانج عەبدوڵلا سەعید، ڕاوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: هەرچەندە زانکۆکەتان سکیڵ و کارامەیی زۆری بەدەرچوان بەخشیوە و، توانای داهێنان و کارسازی پەرە پێداون، بەڵام لە دوای دەرچونتان دەبێت بەردەوام هەوڵ بدەن کارامەییەکانتان زیاتر گەشە پێبدەن و لە فێربوون بە درێژایی ژیان دانەبڕێن. داواکارم سێنتەری پەرەپێدانی کار لە زانکۆکەتان لەم ڕووەوە هاوکارتان بێت، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، کە پرۆسەی خوێندن دەبێت ڕەنگدانەوەی پێداویستییەکانی بازاڕ و ئاراستەی گەشەکردنی ئابوری هەرێمی کوردستان بێت، دەبێت باشتر هەوڵ بدەین کە ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و ئاکامەکانی پرۆسەی خوێندن بە پێداویستییەکانی بازاڕی کارەوە ببەستینەوە و باشتر دەرچوان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی بتوانن لە سەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کێبڕکیی بەدەستهێنانی هەلی کار بکەن، بۆ ئەوەش باسى لە پلان و ستراتیجیەتى وەزارەت کرد و ڕایگەیاند: ئێمە پلانمان ئەوەیە زیاتر زانکۆانمان لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاری کار کارلێک بکەن و بەردەوام ڕوپێوی ئەو کارامەییانە بکەین کە بۆ بازاڕی کار پێویستن. 
هەر لەو ئاهەنگەدا وتارى سەرۆکى دەستەى ئەمیندارانى زانکۆکانى جیهان و نوێنەرى دەرچووان خوێندرایەوە، دواتر سوێندخواردنى دەرچووان بەڕێوەچوو، پاشان بڕوانامەى بەکالۆریۆسى بەدەرچوان بەخشرا، ئاهەنگەکە بەدابەشکردنى خەڵات لەلایەن لێپرسراوانى ئامادەبوو بەسەر یەکەمەکانى زانکۆى جیهان کۆتایى هات.