Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا زانکۆى دهۆکى ڕاسپارد دکتۆراى فەخرى بە ئیسماعیل بێشکچى ببەخشێت

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕێز و پێزانین ئاراستەى کۆمەڵناس و نوسەری ناسراوى تورک ئیسماعیل بێشکچی دەکات، کە مـاوەی زیـاتـر لـە نیو سـەدەیـە لە ڕێگـای نووسیـن و بەرهـەمە زانستییەکانى ژیـانی خۆى تەرخان کردووە بۆ داکۆکیکردن لە ڕاستی و پشتیوانیکردنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان، هەروەها زانکۆى دهۆکیشى ڕادەسپێرێت ئامادەکارى بکات بۆ پێدانى دکتۆراى فەخرى بە (ئیسماعیل بێشکچى).
 
رۆژی یەکشەمە (2021/11/7) د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرۆکى زانکۆى دهۆک و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى، پێشوازی لە کۆمەڵناس و نوسەری ناسراوى تورک ئیسماعیل بێشکچی و شاندێکی یاوەری کرد. 
 
لە دیدارێکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، خەبات و تێکۆشانی ئیسماعیل بێشکچی لە داکۆکیکردن لە گەلی کوردستان و دۆزی ڕەوای کورد بەرز نرخاند، بۆ ئەمەش ئاماژەی بە هەڵوێست و نووسین و بەرهەمەکانی بێشکچی کرد، کە لە ڕێگەی توێژینەوەکانى بە شێوازێکی زانستی و ئەکادیمی، بەرگری لە مافەکانی گەلی کوردستان کردووە. بۆ ئەمەش وتى: هەمو وشەیەکی نێو کار و بەرهەمە زانستییەکـان و قوربانییە مەزنەکانى بێشکچى  بەرز دەنرخێنین، بە چـاوی ئەمەک و پێزانینەوە لێیان دەڕوانین، هیوای تەمەنی درێژ و تەندروستی باشى بۆ دەخوازین.
 
هەر لە دیدارەکەداو لەپێناو بەرز نرخاندنى هەوڵ و ماندوبوون و شەونخونیەکانى بۆ داکۆکیکردن لە دۆزى ڕەواى گەلى کوردستان، د. ئارام محمد قادر، سەرۆکى زانکۆى دهۆکى ڕاسپارد ئامادەکارى پێویست ئەنجام بدەن، بۆ پێدانى دکتۆراى فەخرى بە کۆمەڵناس و نووسەرى ناودار ئیسماعیل بێشکچى.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: سەنتەرى بێشکچى لە زانکۆى دهۆک بۆ لێکۆڵینەوەى مرۆڤایەتى لە ڕێگەی توێژینەوە و بابەتە زانستی و ئەکادیمییەکانى کارى بۆ پێشخستنى ئاستى زانکۆ و بیر و بۆچوون و گەیاندنى پەیامە ڕاستەقینەکان کردووە. بۆیە پەرەپێدانى سەنتەرى بێشکچى و کارکردن لەسەر هەڵوێستە نیشتیمانییەکانى لەپێناو دۆزى کورد ئەرکى سەرەکیمانە. 
 
لەلایەن خۆشیەوە ئیسماعیل بێشکچی، سوپاسی وەزیرى خوێندنى باڵا و پشتیوانییەکان کرد و جەختی لە گرنگیی کارکردن لە سەر سێکتەرى خوێندنى باڵا و بایەخدان بە پرسە زانستییەکان و  چارەسەرکردنی پرسی کورد بە شێوازێکی ئاشتییانە و دادپەروەرانە کردەوە.