Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا هاوکارى و هەماهەنگییەکانى هەنگاریا بەرز دەنرخێنێت

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: هەنگاریا لە کاتێکدا هاوکارى پێشکەش بەهەرێمى کوردستان کرد، کە هەرێمەکەمان ڕوبەڕووى شەڕى دژى داعش و، قەیرانى دارایی بووبۆوە، بەڵام هاوکارییەکانى ئەوان بۆ هێزى پێشمەرگە لەلایەک و بەردەوامیدان بە پێشکەشکردنى سکۆلەرشیپ بۆ خوێندکارانى کوردستان لەلایەکى دیکە مایەى ستایش و نرخاندێکى زۆرە.
 
ئەو ڕاگەیاندنەى د. ئارام محمد قادر، رۆژی سێشەمە، ڕێکەوتى (2021/11/9) لە میانەى دیدارێکى هات لەگەڵ وەفدێکى وڵاتى هەنگاریا کە پێکهاتبو لە (ئەتیلا تۆس) کونسڵى گشتى هەنگاریا لە هەرێمى کوردستان، لەو دیدارەدا کە ڕاوێژکارى وەزیر ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەى ئاستى پەرەپێدانى پەیوەندییەکان نێوان هەردولا کرا.
 
لەسەرەتاى دیدارەکەدا کونسڵى هەنگاریا ڕایگەیاند: هەوڵمانداوە لە زۆربەى بوارەکان پەرە بە پەیوەندییەکان بدەین، یەکێک لەو سێکتەرانە بوارى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بوو، بۆ ئەمەش ئاماژەى بە چوارچێوه‌ی ڕێكه‌وتنامه‌ی ساڵانى ڕابردوى نێوان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی توانسته‌ مرۆییه‌كانی هه‌نگاریا کرد، کە ساڵانە  سكۆله‌رشیپ بۆ فێرخوازان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ڕاده‌گه‌ێنێت.
 
لە بەرامبەردا، د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دواى ستایشکردنى کارەکانى کونسڵى هەنگاریا لە هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند: هەنگاریا لە کاتێکدا هاوکارى پێشکەش بەهەرێمى کوردستان کرد، کە هەرێمەکەمان ڕوبەڕووى شەڕى داعش و قەیرانى دارایی بوو بۆوە، بەڵام هاوکارییەکانى ئەوان بۆ هێزى پێشمەرگە لەلایەک و بەردەوامیدان بە پێشکەشکردنى سکۆلەرشیپ بۆ خوێندکارانى کوردستان لەلایەکى دیکە مایەى ستایش و نرخاندێکى زۆرە، وتیشى: هیوادارم بەردەوام بن لە پەیوەندییتان لەگەڵ کوردستان، بۆ ئەمەش خۆشحاڵى خۆى پیشاندا، کە خوێندکارانى کوردستان لە چوارچێوەى سکۆلەرشیپ گەیشتونەتە زانکۆکانى ئەو وڵاتە و، توانیویانە شوێن و پێگەى خۆیان بکەنەوە.
 
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داواى کرد ئاستى پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتى هەنگاریا فراوانتر بکرێت بۆ ئاستى مامۆستا و فەرمانبەرانیش، بەشێوەیەک بتوانرێت لە ڕێگەى پڕۆژە و پرۆگرامەکانى ئەو وڵاتە سود بە هەرێمى کوردستان و زانکۆکانى کوردستان بکرێت و سود لە ئەزمونى ڕیفۆرم و چاکسازى لەبوارى خوێندنى باڵاى ئەم وڵاتە وەربگیرێت.