Skip to the content

بە بەشداریى بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا، ئاهەنگى دەرچووانى زانکۆى لوبنانى فەڕەنسى بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێت: سێکتەرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان پێویستى بە ڕیفۆڕمى جددیە، بۆ ئەمەش وەزارەتى خوێندنى باڵا هەنگاوى باشى بە ئاراستەى ڕیفۆرم دەستپێکردووە، بەڵام پرۆسەى ڕیفۆڕم پڕۆسەیەکى بەردەوامە و کارى جددى و ئیرادەى سیاسى دەوێت بۆ بەدیهێنانى ئامانجە گەورەکان.
 
ئەم لێدوانەى د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانى پێشکەشکردنى وتەیەکدا هات کە بەبۆنەى دەرچوونى خولى (دەیەم) و (یانزەهەم)ى زانکۆى لوبنانى فەرەنسى لە شارى هەولێر پێشکەشیکرد و تیایدا پۆلێک لە کوڕو کچى هەرێمەکەمان بە تواناو کارامەیى زانستى بڕوانامەى دەرچوونیان پێ بەخشرا، بۆ ئەمەش دواى گەیاندنى پیرۆزبایی وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى بۆ دەرچووان هیواى سه‌ركه‌وتنى زیاتر و گه‌وره‌تری بۆ خواستن لە ژیانى داهاتوویاندا.
 
لەسەرەتاى وتەکەیدا بریکارى وەزارەت دووپاتیکردەوە: جیهانی ئه‌مڕۆ له‌ بوارى ته‌كنه‌لۆجیاو زانیاری پێشكه‌وتن و گۆڕانى گه‌وره‌ى به‌خۆوە بینیوه‌، بێگومان ئه‌و گۆڕانكاریانە‌ش كاری له‌سه‌ر شێوازی ژیان و بازاڕى كار له‌ كۆمەڵگەكان هه‌بووه‌. بۆیە بازاڕێك بۆ به‌خشینى هەلى كاركردن به‌ گه‌نجەکانمان، ئاستێك له‌ كارامه‌یى و لێهاتوویی و جۆریك له‌ زانیارى و تواناى داهێنانى واى له‌ ده‌رچووانمان ده‌وێت، كه‌ بتوانێ خۆى بگونجێنێ له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ و پێداویستییه‌ نوێیه‌كانى بازاڕى كار.
 
د. عبدالفتاح عبدالرزاق ڕاشیگەیاند: ئێمه‌ وه‌كو وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا به‌ ئه‌ركى خۆمانى ده‌زانین به‌و بۆنه‌یه‌ ده‌ستخۆشی و سوپاسی سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران بکەین بۆ ئه‌و ئیراده‌ ڕاسته‌قینه‌و جددیه‌ى كه‌ به‌دیده‌كرێت هه‌م له‌ به‌رنامه‌ى كابینه‌ و هه‌میش له‌ بڕیارو پڕۆژه‌كان بۆ چاكسازى به‌گشتى و‌ به‌تایبه‌تیش چاكسازی له‌ كه‌رتى په‌روه‌رده ‌و خوێندنى باڵا.
 
لە کۆتایى وتارەکەیدا بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بەوە کرد، ئیرادەى‌ ڕاسته‌قینه‌‌ى چاكسازى لە کۆنفرانسەکەى زانکۆى دهۆک بە ڕوونى لە وتارى بەشداربووان به‌دیاركه‌وت، بە تایبەت بۆ دروستكردنى تاسك فۆرسێك له‌ پسپۆرانى بوارى په‌روه‌رده ‌و خوێندنى باڵا بۆ داڕشتنى پلانى چاكسازى له‌و دوو كه‌رتەو ئەنجوومەنى متمانە بەخشین، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ و ئه‌و دیده‌ نوێخوازییه‌ وامان لێ ده‌كات كه‌ قه‌ناعه‌تى ته‌واومان هه‌بێت كه‌ ئه‌م دوو كه‌رته‌ به‌ هه‌وڵ كۆششى هه‌موو دڵسۆزان له‌م وڵاتە له‌ ما‌وەیه‌كى نزیك پێشكه‌وتنى گه‌ورە‌ به‌ خۆیەوە ده‌بینێت.