Skip to the content

کرێى خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان کەم کرایەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بە لەبەرچاوگرتنى بارودۆخى دارایى هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى کوردستانی بە ڕێژەى (٤٥%) لە گشت قۆناغەکانى خوێندنى بەرایى و خوێندنى باڵا (پارالێل - ئێواران)، هەروەها کرێى خوێندنى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بە پێى ئەنجامەکانى ڕیزبەندى نیشتیمانى، بە ڕێژەى (١٠ بۆ ٢٠ %) بۆ سەرجەم قۆناغەکانى خوێندن کەم کردەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (2021/10/7)  د. ئارام محه‌مه‌د قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە دوو فەرمانى جیادا بڕیاریدا بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان.
 
لە لێدوانێکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: هەرێمى کوردستان بە بارودۆخێکى تایبەت گوزەر دەکات بە شێوەیەک پێویستە هەمووان ڕەچاوى بارو گوزەرانى دارایى خەڵکى خۆمان بکەین و لە هەمان کاتیشدا بتوانین هەلى خوێندن بۆ قوتابیان و خوێندکارى هەرێمەکەمان دەستەبەر بکەین، لەو چوارچێوەیەشدا وتى: بۆ ئەوەى ڕووحیەتى کێبڕکێى زانستى لە دامەزراوە ئەکادیمیەکان بپارێزین و بە لەبەرچاوگرتنى باوردۆخى هاووڵاتیان بڕیارماندا بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان.
 
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: ئامانجى وەزارەتەکەمان لە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بە لەبەر چاوگرتنى بارى دارایى هاووڵاتیانى کوردستان و ڕەخساندنى هەلى زیاترى خوێندن و پەرەپێدانى تواناکانى گەنجانی هەرێمەکەمانە، لەهەمان کاتدا ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرمایەی نیشتیمانی و بەکارهێنانی لە گەشەپێدانی زانکۆکان.
 
کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان بەم شێوەیە دەبێت:
 
زانکۆ حکومییەکان:
داشکانى ڕێژەى (٤٥%) لە کرێى خوێندنى (پارالێل) و (ئێواران)ى گشت قۆناغەکانى خوێندنى بەرایى و خوێندنى باڵا لە سەرجەم زانکۆ حکومییەکان و دامودەزگاکانى ترى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢١-٢٠٢٢).
 
زانکۆ تایبەتەکان:
بەپێى ئەنجامەکانى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان دەبێت بەم شێوەى خوارەوە:
- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گرووپى B، بە ڕێژەى (١٠%) کرێى خوێندن کەم دەکرێتەوە.
- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گرووپى C، بە ڕێژەى (١٥%) کرێى خوێندن کەم دەکرێتەوە.
- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گرووپى D، بە ڕێژەى (٢٠%) کرێى خوێندن کەم دەکرێتەوە.
- سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بە ڕێژەى (٢٠%) کرێى خوێندنیان کەم دەکرێتەوە.