Skip to the content

سەرەڕاى دابینکردنى زیاتر (١٠٠%) کورسى خوێندن، (٨٢%)ى دەرچووان کە دەکاتە (٤٣٢٧٧) دەرچوو وەرگیراون

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) -وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢١-٢٠٢٢) ڕێژەى (١٠٠%) کورسى خوێندنى بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى دابینکردووە، کە ئەمەش زیاترە لە ژمارەى پێشکەشکارانى ئەمساڵ، لە ئەنجامدا (٨٢%) ی دەرچووان لە زانكۆ و پەیمانگەکان وەرگیراون، بەمەش کۆى گشتیى وەرگیراوان بە سیسته‌مە جیاوازەکان بریتییە لە  (٤٣٢٧٧) دەرچوو. ئەمە جگە لە (٤٠٦٧) کورسى کە بە بەتاڵى ماوەتەوە. 
 
لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا د. خەتاب ئەحمەد شێخانى بەڕێوەبەرى گشتیى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و ئارام ئیبراهیم بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن، وردەکارى و داتاى وەرگیراوانى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان لەهەرێمى کوردستان بۆ ساڵى نوێى خوێندن ڕاگەیاند.
 
لەدەستپێکدا د. خەتاب ئەحمەد شێخانى پیرۆزبایى لەدەرچووانى پۆلى دوانزە کرد و ڕایگەیاند خوێندکاران سەرمایەى مرۆیى گرنگى ئەم هەرێمەن و ئێمە وەک وەزارەت تەواوى ئامادەکارى و پشتیوانیان دەبین بۆ سەرکەوتنیان لە پرۆسەى خوێندن، ڕاشیگەیاند: لە ماوەى ڕابردوودا لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە لەسەر هێڵ بووین و ئەمڕۆش ئەنجامەکان ڕادەگەیەنین. بۆیە جێگەى خۆیەتى سوپاسى وەزارەتى پەروەردە و تەواوى زانکۆکانى کوردستان و ستافى وەزارەت بکەین.
 
لەبارەى پلانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان، د. خەتاب ئەحمەد شێخانى وتى: لەسەر ڕاسپاردەى  وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بە مەبەستى ڕەخساندنى دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچووان، پلانى وەرگرتن بۆ دەرچووان زیادکرا، بۆ ئەمەش وەزارەت ڕێژەى زیاتر لە (١٠٠%) کورسى خوێندنى بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى تەرخانکرد، کە ئەمەش زیاتر بوو لە ژمارەى پێشکەشکارانى ئەمساڵ، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک لە دەرچووان بەهۆى هەڵە پڕکردنەوە و هەڵنەبژاردنى شوێنى گونجاو لەگەڵ نمرەکانیان وەرنەگیراون.
 
سەبارەت بە ژمارەى وەرگیراوانیش، ئاماژەى بۆ ئەوە کرد دواى کاراکردنى زانکۆلاین بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى (٤٥١١٣) دەرچووى ئەمساڵ و (٤١٤٢) دەرچووى پار ساڵ و (٣٢٧٧) لە دەرچووانى ساڵانى ڕابردوو داواکاریان پێشکەشکرد بۆ وەرگرتن، کە کۆى گشتیى پێشکەشکاران بریتی بوو لە (٥٢٥٣٢) دەرچوو، لە ئەنجامدا (٤٣٢٧٧) دەرچوو کە دەکاتە ڕێژەى (٨٢%) لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران.
 
وتیشى: (٧٩٤٣) دەرچوو بەهۆى هەڵە پڕکردنەوە و هەڵنەبژاردنى شوێنى گونجاو لەگەڵ نمرەکانیان لە قۆناغى یەکەمدا وەرنەگیراون کە ڕێژەکەیان بریتییە لە (١٨%)، لە هەمان کاتیشدا (٤٠٦٧) کورسى بەتاڵ ماوتەوە، بۆیە ئەم ژمارەى کە وەرنەگیراوە لە ڕێگەى سیسته‌مەکەوە دەتوانن یەکێک لەو بەشانە هەڵبژێرن کە کورسى بەتاڵى هەیە، ئەمەش لە ڕێگەى پرۆسەى سکاڵا و وێبسایتى ڕێگەى زانکۆ دەبێت کە لە ئێستاوه‌ کارا دەبێت بۆ ماوەى یەک هەفتە، کاتێک پێشەکەشکارەکە بەهەمان یوزەرنەیم و پاسوۆرد دەچێتە نێو سیستەمەکە ئەوا سیستەمەکە بە شێوەیەکى ئۆتۆماتیکى کورسیە بەتاڵەکان دەخاتە بەردەست کە مافى وەرگرتنى تێدایە.
   
لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا بەڕێوەبەرى گشتیى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون ئاماژەى بۆ ئەوە کرد سەرەڕاى وەرگرتنى ئەم ژمارە لە دەرچووان لە زانکۆ و پەیمانگەکان، بەشێکى تر لە دەرچووان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە ڕێگە و میکانیزمى جیاوازتر وەردەگیرێن کە بریتین لە: (سیسته‌مى پۆلیتەکنیک، پێشکەشکارانى کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، خوێندنگە نێودەوڵەتیەکان، یەکەمى پەیمانگەکان، دەرچووانى ئامادەییە پیشەییەکان)، بەم پێیەش ژمارەى وەرگیراوان زیاد دەبێت.
 
لەلایەن خۆشیەوە ئارام ئیبراهیم بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن دەرچووانى پۆلى دوانزەی ئامادەیی ئاگادار كرده‌وه‌، لە ڕێگەی وێبسایتی ئەلیكترۆنی  (www.regayzanko.com)  بە بەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسوۆرد) كە پێشتر فۆڕمەکانیان پێ‌ پڕكردبۆوە دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە لێی وەرگیراون.
 
لەبارەى پێشکەشکردنى سکاڵاش وتى: ئەو دەرچووانەى سکاڵایان هەیە بە هەمان پاسوۆرد و یوزەرنەیمەوە دەچنە ناو سیسته‌مەکە و دەتوانن سکاڵا پێشکەش بکەن بۆ ماوەى یەک هەفتە پێشکەشکردنى سکاڵا بەردەوام دەبێت.
 
سەبارەت بە پەیوەندى کردن بە زانکۆکان، ئارام ئیبراهیم بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن وتى: وەرگیراوان بە جێبەجێکردنى ڕێککارە تەندروستیەکان لە ئێستاوه‌ ده‌توانن خۆیان لە زانکۆکان تۆمار بکەن، بۆیە دواى ڕاگەیاندنى ناوەکان پێویست ناکات هیچ وەرگیراوێک سەردانى وەزارەت بکات بەڵکو بۆ هەر پرسیار و مامەڵەیەک سەردانى تۆمارى گشتیى زانکۆکان بکەن.