لە وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆبوونەوەیەک بۆ باشتر ڕاییکردنى مامەڵەى نێوان هەرێم و بەغداد بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە ئامانجى باشتر و خێراتر ڕاییکردنى کاروبارەکانى پەیوەست بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە بەغداد، بە سەرپەرشتى بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (١٣/١٠/٢٠٢١) لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بە ئامادەبوونى ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانى دیوانى وەزارەت لە نێوان د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەختیار حاجى حەمد بەڕێوەبەرى گشتیى کاروبارى پەیوەندییەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى باشترکردنى هەماهەنگى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغداد کرا.
لەو چوارچێوەیەدا باس لە گرنگى کەمکردنەوەى ڕۆتین و خێراترکردنى کارەکانى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم کرا، بە تایبەت لە ئاڵوگۆڕکردنى نووسراوەکان، بۆ ئەوەش گفتوگۆ لەبارەى دانانى سیستمێکى ئەلیکترۆنى بەسەرپەرشتى بەڕێوەبەرایەتى (IT) لە دیوانى وەزارەت کرا، ئەوەش ڕوونکرایەوە کاراکردنى ئەو سیستمە دەبێتە هۆى خێراترکردنى نووسراوە فەرمیەکان و گەڕانەوەى کاتێکى زۆر و دڵنیابوون لە ڕاستى و دروستى نووسراوەکان.
لە بەشى کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان تاوتوێى لایەنە جیاکانى بیرۆکەکەیان کرد، لە کۆتاییشدا بە گەڵاڵەکردنى چەند پێشنیاز و ڕاسپاردەیەک کۆتایی بەکۆبوونەوەکە هات و بریاریش درا پڕۆسەکە لە ڕۆژی پێنچشەممە ڕێکەوتی (14/10/2021) بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.