وەزارەتى خوێندنى باڵا و پەروەردە بۆ تاوتوێکردنى چۆنیەتى بەڕێوەچوونى پڕۆسەى زانکۆلاین کۆبوونەوە
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە ئامادەبوونى بریکارى وەزارەتى پەروەردە، و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزارەتى پەروەردە، کۆبوونەوەى هاوبەشى نێوان هەردوو وەزارەت بۆ تاوتوێکردن و باشتر بەڕێوەچوونى پڕۆسەى وەرگرتن بەڕێوەچوو.
لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا بریکارى وەزارەتى پەروەردە ئاماژەى بە هەماهەنگى و هاوکارى نێوان هەردوو وەزارەت لەسەر ئاستى باڵا کردەوە بە مەبەستى خزمەتکردن بە خوێندکاران و قوتابیان و هەماهەنگى کردن بۆ پرسە هاوبەشەکانى نێوان هەردوولا بە مەبەستى پێشخستنى سێکتەرى خوێندنى باڵا و پەروەردە.
سەبارەت بە تەوەرى سەرەکى کۆبوونەوەکە هەردوولا گفتوگۆیان کرد لەبارەى بابەتە تەواوکارییەکان، بۆ ئەمەش بە مەبەستى باشتر بەڕێوەچوونى کارەکان و چێککردنەوەى ئەو داتاو زانیارییانەى لەلایەن وەزارەتی پەروەردە بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا نێردراوە گفتوگۆیان کرد. هەروەها جەختیان کردەوە کۆى بڕیار و ڕاسپاردەکانى نێوانیان لە بەرژەوەندى خوێندکاران و قوتابیان و جەختکردنەوەیە لەسەر پڕۆسەکە بە شێوەیەکى شەفاف و دادپەروەر دوور لە دەستتێوەردان.
لە کۆتایى کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کۆبوونەوەى هاوبەشى نێوان هەردوو وەزارەت بۆ باشتر ڕایى کردنى کارەکانى دەرچووان بەردەوام بێت.