ئەنجومەنەکانى کوردستانى و ئوردنى بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان هەماهەنگى یەکتر دەکەن
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بەمەبەستى دروستکردنى هەماهەنگى و هاوکارى لە نێوان ئەنجومەنى کوردستانى بۆ پسپۆرییە پزیشکییەکان و ئەنجومەنى ئوردنى بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان، وەفدێکى باڵاى ئەنجومەنى کوردستانى سەردانى وڵاتى ئوردن دەکات.
د. ئاریانا خالص سەرۆکى ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان، سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەسەردانێکى فەرمیدا بۆ وڵاتى ئوردن سەرەتا لەگەڵ د.عومەرعەواد ئەلرواس سەرۆکی ئەنجومەنی عەرەبی بۆ پسپۆریە پزیشکیەکان کۆبۆوە. لە کۆبونەوەکەدا هەردولا خۆشحاڵى خۆیان نیشادا بە دیدارى هاوبەش و دروستکردنى هەماهەنگى و هاوکارى لەنێوان هەردوو ئەنجومەنەکەدا، بۆ ئەمەش بڕیار لە شێواز و ستایلى کارکردنى داهاتوى هەردوو ئەنجومەن کرا بۆ پرس و بابەتە هاوبەشەکانى نێوانیان.
هەر لە چوارچێوەى سەردانەکەیدا بۆ وڵاتى ئوردن سەرۆکى ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان لەگەڵ د. محەمەد ئەلعەبدالات سەرۆکى ئەنجومەنى ئوردنی بۆ پسپۆرییە پزیشکییەکان لە عەمانی پایتەختی شانشینی ئوردن کۆبۆوە.
لە کۆبونەوەى نێوانیاندا گفتوگۆ و بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا لەبارەى چۆنیەتى دورستکردنى هاوکارى و هەماهەنگى تازە لە بوار و پسپۆڕییە پزیشکییەکانى نێوانیان بەتایبەت لە بابەتى ئەنجامدانى کارى هاوبەش و زانستى لە نێوان هەردوو ئەنجومەکەدا.
لەبەشێکى دیکەى دیدارەکەدا بڕیاردرا ئاڵوگۆڕى زانستى و پزیشکى لەنێوان ئەنجومەنى کوردستانى و ئوردنى بچێتە ئاستێکى بەرزترى هەماهەنگى، بەو پێیەى هەردولا پێویستیان بە شارەزایى و تواناکانى یەکتر هەیە.