وەزیرى خوێندنى باڵا ئەکادیمیاى هواوى بۆ تەکنەلۆجیاى زانیارى و گەیاندن لە زانکۆى گەرمیان دەکاتەوە
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە چوارچێوەى سەردانەکەى بۆ زانکۆى گەرمیان و بەسەرکردنەوەى کۆلێژ و بەشەکان، وەزیرى خوێندنى باڵا لە دوو ڕێوڕەسمى جیادا ئەکادیمیاى هواوى بۆ تەکنەلۆجیاى زانیارى و گەیاندن و تاقیگەى کیمیاى لە زانکۆى گەرمیان کردەوە.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (2021/9/28) د. ئارام محهمهد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سەردانى کەمپەسى سەرەکى زانکۆى گەرمیانى لە کەلار کردو لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونى سەرۆکى زانکۆى گەرمیان، (ئەکادیمیاى هواوى بۆ تەکنەلۆجیاى زانیارى و گەیاندن)ى لە زانکۆى گەرمیان کردەوە.
ئەکادیمیاکە لەلایەن کۆمپانیاى هواوى بنیادنراوە و تایبەتە بە ڕاهێنانى خوێندکاران و مامۆستایان لە بوارەکانى ئایتى و تەکنەلۆجیاکانى گەیاندن. بۆ ئەمەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: ئەکادیمیاى هواوى بۆ تەکنەلۆجیاى زانیارى و گەیاندن لە زانکۆى گەرمیان، سێیەمین ئەکادیمیایە کە کۆمپانیاى بەناوبانگى هواوى لەسەرتاسەرى عێراق دەیکاتەوە و هەرسێ ئەکادیمیاکە پێشکەش بە زانکۆکانى کوردستان کراوە، بۆ ئەمەش سوپاس و پێزانینى ئاراستەى کۆمپانیاکە کرد و هیواى خواست پەیوەندى نێوان کۆمپانیاى هواوى و وەزارەت ببێتە هۆکارێک بۆ دەستکەوتى زیاتر و پشتیوانى زیاترى سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان.
لەبارەى گرنگى ڕۆڵى ئەکادیمیاى هواوى بۆ تەکنەلۆجیاى زانیارى و گەیاندن، د. ئارام محهمهد قادر ڕایگەیاند: رۆڵێکى گرنگ دەبینێت لە پەرەپێدانى تواناکان بۆ ئامادەکردنى خوێندکاران بۆ بازاڕى کارى کوردستان، بەتایبەت ئەو کارامەییانەى کە پەیوەندیدارن بە بەدەستهێنانى هەلى کار لە بوارەکانى ئایتى و تەکنەلۆجیاکانى گەیاندن.
زیاتر وتیشى: ئەم ئەکادیمیایە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پەرەپێدانى تواناکانى خوێندکاران بۆ ئەوەى بتوانن لەبازاڕى کار و کۆمپانیاى هواوى و سێکتەرەکانى ترى گەیاندن و تەکنۆلۆجیای زانیاری پێشبڕکێى هەلى کار بکەن، لەلایەکى دیکەشەوە خوێندکارانى زانکۆى گەرمیان دەتوانن دەستیان بگاتە هەموو ئەو کۆڕسانەى کە لەلایەن کۆمپانیاى هواوى بەشێوازى ئۆنڵاین دەستەبەرکراوە، کە ئەمەش هەنگاوێکى گرنگى پەرەپێدانى تواناکانە، چونکە سەرکەوتووانى کۆڕسەکان دەتوانن لە بازاڕى کار هەلى کاریان دەست بکەوێت.
هەر لەمیانى بەسەرکردنەوەى زانکۆى گەرمیان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تاقیگەى کیمیاى لە زانکۆى گەرمیان کردەوە، کە یەکێکە لەو تاقیگە زانستیانەى لەبوارى زانستەکانى کیمیاو بوارەکانى دیکەى زانستە بنچینەییەکان سوودى توێژینەوە و ڕاهێنانی خوێندکاران دەبێت.