Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا بۆ زانکۆکان: بەڕەچاوکردنى کواڵتى، زۆرترین دەرفەتى خوێندنى گشتى بڕەخسێنن

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، شێواز و پلانەکانى وەرگرتنى خوێندکاران/ قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى نوێى خوێندن تاوتوێکرا.
 
ڕۆژی دووشەممە ڕێكه‌وتی (٢٧/٩/٢٠٢١) بە سەرپەرشتى د. ئارام محه‌مه‌د قادر وەزیرى خوێندنى باڵا  و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت، کۆبوونەوەى لێژنەى باڵاى وەرگرتن بە بەشدارى نوێنەرى سەرجەم زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا پلان و بەرنامەکانى وەزارەت تایبەت بە وەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢١-٢٠٢٢) گفتوگۆى لەبارەوە کرا، هەروەک چەند بابەتێکى گرنگ و پەیوەست بە شێوازى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان خرایەڕوو  بەرنامەى پێویستیان لەبارەوە بۆ دانرا.
 
لە سەرەتادا وەزیرى خوێندنى باڵا باسێکى لەبارەى سیاسەت و کارنامەى وەزارەت و دامه‌زراوه‌كانی خوێندنى باڵا بە شێوەیەکى گشتى پێشکەشکرد و دووپاتیکردەوە ئامانج لەم کۆبوونەوەیە دانانى میکانیزم و پلانى وەرگرتنە بۆ ساڵى نوێى خوێندن، بە شێوەیەک پلانەکان هاوتەریب بێت بۆ سوودى دەرچووان و پێداویستییەکانى بازاڕى کار، بۆ ئەمەش وتى: بۆ یەکەمجار لەمێژووى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان لەماوەى دوو ساڵى ڕابردوو، توانیمان زۆرترین ڕێژەى پلانى وەرگرتن بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان تەرخان بکەین و هەلى گونجاوى خوێندن لە زانکۆ حکومییەکان بۆ دەرچووان بڕەخسێنین.
 
د. ئارام محه‌مه‌د قادر دووپاتیشیکردەوە، وەزارەتى خوێندنى باڵا بەڕەچاوکردنى کواڵێتى خوێندن و لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى پلانێکى تۆکمە، کار بۆ وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەکات، بۆ ئەمەش بە زانکۆکانى ڕاگەیاند: بە ڕەچاوکردنى کواڵێتى، زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچووانى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بڕەخسێنن، لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەت هاوکار و پاڵپشتى زانکۆکان دەبێت.
 
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا لەلایەن بەڕێوبەرایەتى گشتى خوێندن و پلاندانان و بە دواداچوون و بەڕێوەبەرى تۆمارى گشتى زانکۆکان، گفتوگۆ لەبارەى شێواز و بابەتەکانى تایبەت بە پلانى وەرگرتن بۆ ساڵى نوێى خوێندن کراو بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.