بەسەرپەرشتى وەزیرى خوێندنى باڵا، ڕێوڕەسمى دەستبەکاربونى چەند پۆستێک لە وەزارەتى خوێندنى باڵا بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى (2021/9/27) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى، ڕێوڕەسمى دەستبەکاربونى چەند پۆستێک لە وەزارەتى خوێندنى باڵا بەڕێوەچوو، کە هەریەک لە (د. سەباح ئیبراهیم وەیس) وەک ڕاوێژکارى کاروبارى خوێندنى باڵا و (د. ئەمیر عبدالرحمان احمد) وەک ڕاوێژکارى توێژینەوەى زانستى و (د. ژاڵە سعید یحیی) وەک بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوەو پەرەپێدان و (د. یاسین صاڵح) وەک بەڕێوەبەرى گشتى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان فەرمانى دەستبەکاربونیان ئیمزا کراو دەستبەکاربوون.
لە وتەیەکدا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، وێڕاى پیرۆزبایى هیواى سەرکەوتن، رۆڵى بەڕێوەبەرانى گشتى پێشوى لە چەند ساڵى رابردوى کارکردندا بەرزنرخاند، کە لە هەڵومەرجە دژوارەکان و کوسپ و تەگەرو چاڵنگیەکاندا توانییان بە دڵسۆزیەوە هەموو تواناو وزەى خۆیان بەکاربهێنن بۆ سەرکەوتنى ئەرکەکانیان.
د. ئارام محمد قادر هیواى خواست بەیەکەوە درێژە پێدەرى ئەو کارە باشانە بین کە لە وەزارەت کراوە، ئەو ئەرک و ئامانجانەشى بە هەر هۆکارێک نەتوانراوە جێبەجێ بکرێت، بتوانن بە ڕێگەى زانستى و بەهەماهەنگى زەمینەى ڕەخساندنى بە ئەنجام گەیاندنیان فەراهەم بکەن. لەو چوارچێوەیەشدا وتى: هیوا خوازین تواناو شارەزاییان ببێتە هۆکارێک بۆ وزەو گۆڕانکارى نوێ لە سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان. هەروەک بەڵێنیشى پێدان هاوکارو هەماهەنگیان بێت بۆ خزمەتکردن بە باشترین شێوە دوور لە کاریگەرى دەرەکى و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى لە هەرێمەکەمان.
لەلایەن خۆشیەوە د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەت لە وتەیەکدا دواى پیرۆزبایى کردن، هیواى سەرکەوتن و پێشکەوتنى زیاترى بۆ خواستن بەمەبەستى بەدیهێنانى ئامانجە زانستییەکانى هەرێمەکەمان و بەرزکردنەوەى توانا ئەکادیمییەکان و دروستکردنى کارامەیی و لێهاتویى لە ناوەندەکانى خوێندنى هەرێمى کوردستان، ووتیشى: بەرپرسیاریەتێکى گەورەو نیشتمانیتان لەسەر شانەو پێویستە بەو پەڕى دڵسۆزى و خەمخۆرییەوە خزمەت بە گەلەکەمان و نەوەکانى داهاتومان بکەن.
هەر لە ڕێوڕەسمەکەداو لەمیانى پێشکەشکردنى چەند وتەیەکى جیادا هەریەک لە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى، بەڵێنیان بۆ وەزارەت دوپاتکردەوە کار بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانکۆکانیان و پێشخستنى بوارى ئەکادیمى لە هەرێمى کوردستان بکەن، هەروەها بەدڵسۆزى و خەمخۆرییەوە کارنامەو پرۆژەو پلانەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى جێبەجێ بکەن.