کۆبونەوەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەرى دارایى و ژمێریارى زانکۆکانى کوردستان بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - بەمەبەستى ئەنجامدانى ئامادەکارى پێویست بۆ ئامادەکردنى بودجە و پێداویستى هەریەک لە زانکۆکانى کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتى ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، د. توانا نجف محەمەد خان، بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا، سەرپەرشتى کۆبونەوەى فراوانى سەرجەم بەڕێوەبەرانى دارایى و ژمێریارى لە زانکۆکانى کوردستانى کرد.
لە کۆبونەوەکەدا بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى تیشکى خستە سەر نوێترین بڕیار و ڕێنمایى تایبەت بە ئامادەکردنى بودجە و پێداویستى هەریەک لە زانکۆکان لە چوارچێوەى یاساو ڕێنماییە داراییەکان، بۆ ئەمەش جەختى لەسەر ئەوە کردەوە: بۆ گەشەپێدان و پێشخستنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان و پێشخستنى ئاستى زانستی دامەزراوەکانمان، پێشنیاز و بۆچونەکانى خۆمان لە پرۆژەى بودجەدا جێگە دەکەینەوە.
هەر لە کۆبونەوەکەدا پاڵپشتى خۆى بۆ پرۆژەو بەرنامەکانى زانکۆکان دوپاتکردەوەو ڕایگەیاند: هاوکارتان دەبین بۆ چۆنیەتى جێبەجێکردنى پرۆژەکانتان لە بەرژەوەندى گەشەپێدانى زانکۆ و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان.
لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا هەریەک لە ئامادەبوان چەندین سەرنج و تێبینیان لەبارەى چۆنیەتى ئامادەکردنى پرۆژەو پێشنیازەکان بۆ بودجەى زانکۆکانیان خستەڕوو ، بۆئەمەش لەلایەن خۆیەوە بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى ڕێنوێنى پێویستى پێشکەش بە ئامادەبوان کرد.