Skip to the content

هەرێمی کوردستان وڵاتى ئوردن پەیوەندییەکانی تایبەت بە خوێندنی باڵا پێشدەخەن

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پێشوازى لە شاندێکی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنى باڵای وڵاتى ئوردن کرد کە پێکهاتبوون لە د. زافر سرایرە، سەرۆکى دەستەى متمانەبەخشین لە دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا و دڵنیایى جۆرى و ژمارەیەک سەرۆک زانکۆ و ئەمیندار و ئەندامانى ترى ئەنجوومەنى خوێندنى باڵاى ئەو وڵاتە.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بریکارى وەزارەت و ژمارەیەک لە سەرۆکی زانکۆکانی کوردستان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەى چەند بابەتێکى گرنگ کرا، لەوانە: ئاڵوگۆڕی خوێندکاران و قوتابیان و ئەزموونەکان، هاوکاریی کارکردن بۆ چڕکردنەوەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا.

لە گوتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان جەختی لە گرنگیی پەیوەندیی مێژوویی لەگەڵ شانشینی هاشمی ئوردن کردەوە، داواشی لە وەفدى میوان کرد لە بوارەکانى پەرەپێدانى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى و ڕێگەکانى وانە گوتنەوەدا هاوکار و هەماهەنگىی زیاتر لەگەڵ هەرێمى کوردستان بکەن، چونکە ئەزموون و شارەزایی دامەزراوە ئەکادمییەکانى ئەو وڵاتە بۆ هەرێمى کوردستان جێگەى بایەخ و گرنگىپێدانە.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى بۆ بەش و کۆلێژەکانى زانکۆکانى کوردستان و بەتایبەت هەماهەنگیی کۆلێژ و بەشە پزیشکییەکان لەگەڵ بوارەکانى پزیشکى لە زانکۆکانى ئەو وڵاتە جەختى زیاترى لەسەر کرایەوە. بۆ ئەمەش هەر لە پەراوێزى کۆبوونەوەکەدا و بە مەبەستى پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییەکان، بڕیاردرا لە داهاتوودا پاداشتنامەیەکى لێکگەیشتن لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا، زانست، ئەکادیمیی جۆراوجۆر و بوارە پراکتیکییەکان ئیمزا بکرێت.