Skip to the content

ڕێوڕه‌سمی ١٣‌یه‌مین خولی ده‌رچوانی زانكۆی سۆران بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - رۆژی شەممە رێکەوتی ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، ڕێوڕه‌سمی ١٣یه‌مین خولی ده‌رچوانی زانكۆی سۆران بۆ دەرچوانی ساڵی خوێندنی (٢٠٢١-٢٠٢٢) بە ئامادەبونى د.ئەمیر عبدالرحمن ئەحمەد، نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەڕێوەچوو.

لە ڕێورەسمەکەدا سەرۆکی زانکۆی سۆران، وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەکرد زانکۆی سۆران بەھۆی قوتابی زانستخواز و مامۆستا کارامە و لێھاتوەکانی یەکێکە لە زانکۆ پێشەنگەکانى کوردستان و عێراق و لە بەرەو پێشچونی بەردەوامدایە.

پاشان د. ئەمیر عبداالرحمن ئەحمەد، ڕاوێژکارى وەزارەت، بە نوێنەرایەتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وتارێکی پێشکەش کرد و ڕۆڵی زانکۆی سۆران وەک زانکۆیەکی بەرجەستەی کوردستان بەرز نرخاند. و رایگەیاند:''زانكۆی سۆران بە یەكێك لە زانكۆ سەركەوتوەكانی كوردستان ھەژمار دەكەین لە ڕووی ژێرخان و ستافی ئەكادیمی و توێژینەوەی زانستی، بۆیە دەرچوان شانسێكی باشیان ھەبوە كە توانیوتانە لەم زانكۆیەدا بخوێنن و بە سەركەوتویی دەربچن.''

د. ئەمیر عبداالرحمن ئاماژەی بەوەدا کە بارودۆخی كۆمەڵایەتی، ئابوری و بازاری كار لە ھەرێمی كوردستان گۆرانكاری گەورەی بە خۆوە بینیوە، سیستەمی دۆزینەوەی ھەلی كار لە شێوازی كلاسیكی دامەزراندن لە كەرتی گشتی بە بێ رەچاوكردنی ھەبونی كارامەی پێویست ئیتر بە پێی بارودۆخی دارایی و ژمارەی لەرادەبەدەری كارمەندانی حكومی كۆتایی پێھاتووە و مەیدانی دۆزینەوەی كار گۆراوە بە مەیدانی ركابەری ھەبونی كارامەیی جۆراو جۆر بەتایبەتی لە كەرتی تایبەت و كەرتی پیشەسازی و گوتی:'' ئێمە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ژێر رۆشنایی ستراتیژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەم بە تایبەتی ڕێنماییەكانی بەڕێز کاک مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمى کوردستان، دەستمان داوەتە ئەنجامدانی ڕیفۆرمێكی ھەمە لایەنە لە خوێندنی باڵا دا كە ھاوتەریب بێت لەگەڵ پێداویستیەكانی بازاری كاری كوردستان.''

لە کۆیایی گوتەکانیدا د. ئەمیر عبداالرحمن رایگەیاند:''داواتان لێدەكەم كە ھەوڵ بدەن بۆ بەدەستھێنانی ئەم سكیلانە تا بتوانن لە مەیدانی ڕكابەری بازاری كار سەركەوتو بن. دڵنیاین كە گەنجانی زیرەك و نیشتیمانپەروەری وەكوو ئێوە دەتوانن بە ماوەیەكی كەم خۆتان بە باشترین شێوە ئامادە بكەن بۆ بەدەستھێنانی ئەم كارامەییانە.''