بە بەشداریی وەزیرى خوێندنى باڵا، سەرى ساڵى نوێى چینى لە هەولێر بەرز ڕاگیرا
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بەشى زمانى چینى لە زانکۆى سەڵاحەددین- هەولێر ماوەى سێ ساڵە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دامەزراوە، ساڵى داهاتووش یەکەم قۆناغى دەرچووانى بەشەکە کە ژمارەیان ١٣ خوێندکار و قوتابییە بڕوانامەى بەکالۆریۆس لە زمانى چینى وەردەگرن و دواى دەرچوونیان هەلى کاریان لە بازاڕى کاردا بۆ فەراهەم کراوە، سێ یەکەمەکەشیان زەمالەى خوێندنی ماستەریان لە وڵاتى چین بۆ دابین کراوە.
ڕۆژی دووشەمە ڕێکەوتى (2022/2/14) ڤیستیڤاڵى سەرى ساڵى نوێى چینى کە لەلایەن بەشى زمانى چینى لە زانکۆى سەڵاحەددین ڕێکخرابو، لە سهنتەرى ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەڵاحەددین بەڕێوە چوو.
لە وتەیەکدا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى پیرۆزباییکردنى سەرى ساڵى نوێى چینى، لە نیی روچی، كونسوڵی گشتیی كۆماری میللی چین و ستافى بەشى زمانى چینى لە زانکۆى سەڵاحەددین، ڕایگەیاند: پهیوهندی نێوان گهلی كورد و گهلی چین مێژووێكی درێژی ههیه و ههردوولا خاوهن كلتوور و فەرهەنگى هاوبهشن، بۆ تێگەیشتنى زیاتر لە نێوان خەڵکى هەرێمى کوردستان و وڵاتى چین و تێکەڵبوونى کلتوورى کوردى و چینى، ئاستى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەم وڵاتە لە پێشکەوتندایە.
دووپاتیشیکردەوە پرۆسەى خوێندن و ئاستى زانست لە وڵاتى چین بۆ ئێمە جێگەى بایەخە و دەمانەوێت لەم ڕێگەیەوە پەیوەندییەکانمان فراوانتر بکەین، بەتایبەت بۆ بەشداری پێکردنى مامۆستا و فەرمانبەرانی دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە پرۆگرامە جیاوازەکانى ئەو وڵاتە و پەرەپێدانى بەشى زمانى چینى.
لە چەند وتەیەکى جیادا هەریەک لە د. هێمن هەورامى جێگرى سەرۆکى پەرلەمان و نیی روچی، كونسوڵی گشتیی كۆماری میللی چین و د. کامەران یونس سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین، جەختیان لەسەر هەماهەنگى و کارى هاوبەشى نێوان هەردوو گەل لە ڕێگەى پەرەپێدانى بەشى زمانى چینى لە زانکۆى سەڵاحەددین و ئاستى پەیوەندییەکانى داهاتوو کردەوە.