Skip to the content

سەرۆکى نوێى زانکۆى سەڵاحەدین دەستبەکار بوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێت: پرۆسەى ڕیفۆرم و چاکسازى قوڵ لە سیستمى خوێندنى باڵا بەردەوامە، بەتایبەت ڕیفۆرم لە سیستمى وەرگرتن و بەهێزکردنى پێگەى زانستى زانکۆکان و دەستەبەرکردنى سەربەخۆیى ئەکادیمى و دارایى و کارگێڕى بۆ زانکۆکان و پەرەپێدانى پرۆگرامەکانى خوێندن و بەستنەوەى ناوەرۆکى پرۆگرامەکان بە پێداویستیەکانى بازارى کارى کوردستان.
 
دواى نیوەڕۆى رۆژی چوارشەمە ڕێکەوتى (2022/2/2) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ڕێوڕەسمى ئاڵوگۆڕى پۆستى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین بەڕێوەچوو و د. کامەران یونس، لە جێگەى د. جەوهەر فەتاح، وەک سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین دەستبەکاربوو و ئاڵوگۆڕى پۆستەکەیان لەگەڵ یەکتر کرد.
 
لە ڕێورەسمەکەدا کە بریکارى وەزارەت و سەرۆکى زانکۆى هەولێرى پزیشکى و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى و ڕاگرى کۆلێژەکانى زانکۆى سەڵاحەدین ئامادەیبوون، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا هەوڵ و کارەکانى د. جەوهەر فەتاح، سەرۆکى پێشوى زانکۆى سەڵاحەدین و د. ئەحمەد دزەیى، سەرۆکى پێشوترى زانکۆى سەڵاحەدینى بەرز نرخاند، کە بەشێکى زۆرى کارەکانیان تەرخانکرد بۆ خزمەتکردنى زانکۆ و پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان و شارى هەولێر، هەروەها داواشى لە ستافى زانکۆ کرد وەک یەک تیم هاوکار و پشتگیرى د. کامەران یونس، سەرۆکى نوێى زانکۆى سەڵاحەدین بکەن بۆ جێبەجێکردنى ئەم ئەرکە زانستییە. لەو چوارچێوەیەشدا وەک هەمیشە پشتگیرى و پاڵپشتى وەزارەتى بۆ سەرۆکى نوێى زانکۆى سەڵاحەدین دووپاتکردەوە.
 
هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا دووپاتیکردەوە لەماوەى سێ ساڵى ڕابردوودا سەربارى گرفت ئاڵنگارییەکانى زانکۆکان، توانیمان لەسەر پێى خۆمان بوەستین و پێکەوە ڕووبەڕووى هەموو ئەو گرفت و قەیرانانە ببینەوە، کە لە ئەنجامى دەرهاویشتەکانى پەتاى جیهانى کۆرۆنا و دۆخى سیاسى و ئابوورى هاتەڕێمان، بۆ ئەمەش بەیەکەوە توانیمان لە ڕێگەى پەیرەوکردنى باشترین سیستمى خوێندن، پرۆسەى خوێندن بپارێزین و نەهێڵین ڕۆڵەکانى وڵاتەکەمان ساڵەکانى خوێندنیان لە کیس بچێت. لەبارەى کرانەوەى زیاترى زانکۆکانیش بەڕوى جیهان، وەزیرى خوێندنى باڵا ستافى زانکۆى سەڵاحەدین و زانکۆکانى ترى کوردستانى ڕاسپارد سود لە ئەزموون و شارەزایى وڵاتانى دونیا وەربگرن بۆ ئەوەى باشتر ئاستى زانکۆکان لە پێشکەوتندا بێت، وەک چۆن سەربارى گرفت و کێشەکان زانکۆکانمان توانیویانە لە ڕیزبەندە جیهانییەکاندا پێش بکەون و چاوەڕوانیشمان ئەوەیە هەنگاوى باشتر بنێن.
 
لەلایەن خۆشیەوە د. عبدالفتاح عبدالرزاق، بریکارى وەزارەت وێڕاى پیرۆزبایى لە سەرۆکى نوێى زانکۆى سەڵاحەدین و دەستخۆشى کردن لە سەرۆکى پێشوى زانکۆ، ڕایگەیاند: بە یەک تیمى و گیانى لەخۆبوردویى دەتوانین زاڵ بین بەسەر تەواوى کێشەکان و گەیشتن بە چارەسەرى گونجاو بۆ پێشخستنى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە کوردستان.