پەیامی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک
بەبۆنەى ڕۆژى جیهانى زمانى دایک، د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پەیامێکى بڵاوکردەوە. کە ئەمە دەقەکەیەتى:
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی جیهانی زمانی دایک لە هەموو کوردستانیان پیرۆز دەکەم بەگەلی کورد و هەمو پێکهاتەو ڕەنگە جیاوازەکانەوە. بە شانازییەوە دەڵێم زمانی شیرینی کوردی، لە ڕووی مێژوویی و قوڵایی پێکهاتە بنچینەییەکانی زمان، بە یەکێک لە زمانە هەرە دەوڵەمەندەکانی مێژووی مرۆڤایەتی ئەژمار دەکرێت، بڕوامان وایە کە زمانی دایک ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە گەشەکردنی هزری و سایکۆلۆجی و بنیادنانی کەسایەتی تاکەکانی كۆمەڵگەو بنەمای سەرەکی پرۆسەی خوێندن و فێربوونە، ئەگەرچی بڕوای تەواومان بەو ڕاستییەیە کە فێربوونی زمانی دووەم کۆڵەکەیەکی گرنگی پرۆسەی خوێندنەو هۆکاری هاوبەشکردنی بەرهەمی مەعریفەو تێکەڵبوونی کلتوورییە، بەڵام فێربوونی زمانی دووەم نابێت لەسەر حسابی فەرامۆشکردنی زمانی دایک بێت.
پەرەپێدانی زمانی دایک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی و مۆڕاڵی و زانستییە و فاکتەری بنچینەیی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییمانە. وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تێڕوانین و پلانی درێژخایەنمان هەیە بۆ پەرەپێدانی زیاتری زمانی کوردی، جێگەی خۆشحاڵییە کە لە ئێستادا بەشەکانی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە ڕووی مەعریفی و توانای مرۆییەوە لە ئاستێکی بەرزدان، هەوڵ دەدەین هەموو ئەم توانایانە یەک بخەین بۆ خزمەتکردنی زیاتری زمانی کوردی و بنیادنانی زمانی فەرمی و هاوبەش لە هەرێمی کوردستان.
هیوامان وایە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک بکەینە دەرفەتێک بۆ کۆکردنەوەو پێکەوە گرێدانی زیاتری کۆمەڵگەی کوردی و قوڵکردنەوەی یەکڕیزی و یەکێتی نەتەوەییمان، بەم هەنگاوە دەتوانین رۆحی ئەو شەهیدانە ئاسوودە بکەین کە گیانی خۆیان کردە قوربانی بۆ پاراستنی زمانی شیرینی کوردی.
جارێکى تر ڕۆژی جیهانی زمانی دایک لە هەموو کوردستانیان و پسپۆڕان و ئەکادیمستانى بوارى زمانى شیرینى کوردى پیرۆز دەکەم.