Skip to the content

کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم و بەغدا بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) -بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ژمارەیەک پرسى زانستی هاوبەش، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (٦/٢/٢٠٢٢)، د. عەبدولفه‌تاح عه‌بدولره‌زاق بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیوانی وەزارەت لە هەولێر، پێشوازی لە وەفدێکی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی د. یاسین محەمەد عیساوی بریکاری وەزارەت و وەفدێکی هاوڕێی کرد.
 
ئامانج لەو سەردانەی وەفدی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی بۆ وەزارەتى خوێندنی باڵای هەرێم بەدواداچوون بوو لەسەر کۆمەڵێک بابەتى زانستی هاوبەش کە لەنێوان هەردوو وەزارەتدا بوونی هەیە و لە کۆمەڵێک خاڵدا یەک دەگرنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پێشووتر لیژنەیەکی تایبەت لە نێوان هەردوو وەزارەت پێكهێنرابوو تاکو بەردەوام بەدواداچوون لەسەر بابەتە هاوبەشە زانستی و ئەکادیمی و مرۆیی و پیشەییەکانی نێوان هەردوو وەزارەت بکەن.
  
 لە کۆبوونەوەیەکیدا سەرجەم ئەو خاڵانە دەستنیشانکران کە پێشووتر هەردوو لیژنەی هاوبەشی  وەزارەت لەسەری ڕێککەوتبوون، پاشان بە وردی بەدواداچوون بۆ خاڵە لاوازەکانی ناو پاکێجەکە کرا بۆ ئەوەی بەهێز و پڕ بایەختری بکەن .
 
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا کە ڕاوێژکار و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی هەردوو وەزارەت ئامادەیبوون، گفتوگۆی چڕ لەبارەی کۆمەڵێک خاڵی پەیوەندار بە بەرژەوەندی گشتی خوێندکارانی عێراقی لەسەرجەم پارێزگاکان کرا، بە تایبەت لە ڕووانگەی زانستی و پزیشکی و ئەکادیمی و پیشەییدا، تاکو توێژینەوەی زانستی لە عێراق و هەرێم لە کاروانی پێشکەوتنە زانستیەکانی جیهان دانەبڕێت، بۆ ئەم مەبەستەش بە پێویست زانرا کە لیژنەیەکی باڵای هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەت پێکبهێنرێت و بەردەوام لێکۆڵینەوە و بە دواداچوونی جددی لەسەر ئەو بابەتە گرنگانە بکات کە لەبەرژەوەندی هەموو لایەکدایە .
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە کۆمەڵێک خاڵی یاسایی و دارایی لە دیوانی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و هەرێم کراو چۆنیەتی کارکردن لەسەر دۆسیەی فەرمانبەران و میلاکاتی هەردوولا خرانە بەر باس و گفتوگۆ تاکو هەردوولا سوود لە ئەزموونی یەکتر ببینن بەتایبەت لە چۆنیەتی ڕاییکردنی مامەڵەی پەیوەندار بە وەزارەتی خوێندنی باڵا.
 
لە کۆتایى کۆبوونەوەکەدا هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لیژنەی باڵای هاوبەش دەستکاری ژمارەیەک خاڵی ڕێکەوتنی نێوان هەردوولادا بکەن و تیایدا گرنگی بە سەردانی مەیدانی نێوانیان لە هەولێر و بەغدا  بکەن بە تایبەت بەڕێوەبەرانی گشتی، بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموون و توانای زانستی و ئەکادیمی یەکتر ببینن و کێشە و گرفتی لە یەکچووی نێوان زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانی هەردوولا چارەسەر بکەن.