وۆرکشۆپى سەرکردایەتی لە پەروەردە و خوێندنى باڵا بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بە ئامانجى هەماهەنگى و هاوکارى دامەزراوەکان و پەرەپێدانى تواناکان و ڕاهێنانى ستافى ئەکادیمى و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستی دامەزراوەکان، وۆرکشۆپى سەرکردایەتی لە پەروەردە و خوێندنى باڵا، لەلایەن کۆمپانیاى ڕاوێژکارى بوارى خوێندنى باڵا (GEMS) بە هاوبەشى زانکۆى لەندەن و کامبریج و پاڵپشتى ڕاستەوخۆى کونسوڵخانەى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو.
بە ئامادەبونى (ئالان حەمە سەعید) وەزیرى پەروەردە و (د. محمد حوسێن) سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى و نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و (دەیڤید هانت) کونسوڵى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى هەردوو وەزارەتى خوێندنى باڵا و پەروەردە، وۆرکشۆپى سەرکردایەتی کردن لە پەروەردە و خوێندنى باڵا بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکدا د. ئەمیر ساداتى لە کۆمپانیاى ڕاوێژکارى بوارى خوێندنى باڵا (GEMS) لە وتەیەکدا ئاماژەى بە گرنگیى بەستنى ئەم وۆرک شۆپەکە کرد و ڕایگەیاند، لە ئێستادا پەرەپێدانى سێکتەرى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە دەرەوەى سنوور کارى سەرەکى ئێمەیە، بۆ ئەم مەبەستەش لە هەرێمى کوردستان و عێراق کارەکانمان چڕ کردۆتەوە.
دواتر د. محمد حوسێن سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى بە نوێنەرایەتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوە زانستى وتەیەکى پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: وۆرکشۆپى رابەرایەتى کردن لە پەروەردە و خوێندنى باڵا لە لایەن کۆمپانیاى ڕاوێژکارى بوارى خوێندنى باڵا (GEMS) ڕێکخراوە بە هاوبەشى زانکۆى لەندەن و کامبریج و پاڵپشتى ڕاستەوخۆى کونسوڵخانەى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان.
وتیشى ئامانج لە هەماهەنگى و هاوکارى دامەزراوەکان پەرەپێدانى ڕاهێنانە بۆ ستافى ئەکادیمى زانکۆکانى کوردستان و دامەزراوەکانى پەروەردە بە مەبەستى بەرزکردنەوەى ئاستى زانستیان و پەرەپێدانى پرۆگرامەکان و دڵنیایى جۆرى و توێژینەوەى زانستى و خوێندنى باڵا و ڕیزبەندى نیشتمانى و شێوازەکانى وانە وتنەوە و فێربوون و خوێندن و تەکنەلۆجیا و پەرەپێدانى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى لە هەرێمى کوردستاندا.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا ڕایگەیاند: بەپێى کارنامەى ئەم وۆرکشۆپە چاکسازى کردن لە سێکتەرى پەروەردە و خوێندنى باڵا گفتوگۆى جددى لەسەر دەکرێت، بە مەبەستى بەرزکردنەوەى تواناى پەروەردەیى لە هەردوو سێکتەرى پەروەردە و خوێندنى باڵاى کوردستاندا.
هەر لە وۆرکشۆپەکەدا دەیڤید هانت، کونسوڵى گشتى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان، دڵخۆشى خۆى نیشاند بەم وۆرکشۆپە و هیواى خواست پڕۆژە زانستى و ئەکادیمییەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان و سێکتەرى پەروەردە و خوێندنى باڵا و زانکۆکانى کوردستان و زانکۆکانى وڵاتى بەریتانیا زیاتر بێت و ئاستى پەیوەندییەکان بەهێزتر بکرێن.