وەزیرى خوێندنى باڵا سوپاس و دەستخۆشى ئاراستەى مامۆستایەکى زانکۆ دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە بەرامەر بەشداریکردنى بەپێشکەشکردنى پرۆپۆزەڵێک لە پێشبڕکێی نێودەوڵەتی پەیمانگەی میدیایى جەزیرە، بە ناونیشانى (رۆڵى رۆژنامەگەرى هـاووڵاتى لە بەرزکردنەوەى هۆشیارى گشتى لە هەرێمى کوردستان) و بەدەستهێنانی سکۆلەرشیپى پەیمانگەکە، د.ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاس و دەستخۆشى لە د. عبدالصمد قادر حوسێن، مامۆستا لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى دەکات.
رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٦/١/٢٠٢٢) لە میانەى پێشوازیکردنى لە د. عبدالصمد قادر حوسێن، سەربارى گفتوگۆکردن لە بوارى ڕاگەیاندن و چۆنیەتى پێشخستنى کەرتى خوێندن، دەستخۆشى و ستایشى ئەو مامۆستایەى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى کرد، کە توانى لە پێشبڕکیەکى گرنگى زانستى و ئەکادیمى کە لە نێوان 265 بەشــداربوو لە سـەرتاسـەری جـیهانـدا بەڕێوەچوو، تەنها ٧ بەشـداربوو هەڵـبژێـردران، کە یەکێک لەوانە مامۆستایەکى زانکۆکانى هەرێمى کوردستانە.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: شانازى بە د. عبدالصمد قادر و سەرجەم ئەو مامۆستایانەى زانکۆ دەکەین، کە لە بوارەکانى خۆیاندا دەتوانن لە ئاستى نێودەوڵەتى دەسکەوتى زانستى و مەعریفى بۆ خۆیان و زانکۆکەیان و کۆمەڵگەى کوردستانى بەدەستبهێنن، هیواشى خواست لە ئەرکە زانستى و داهێنانەکانیان بەردەوام بن بۆ پێگەیاندنى نەوەیەکى هۆشیار بۆ داهاتوى کۆمەڵگە.
لە بەرامبەردا، د. عبدالصمد قادر، سـوپـاس و پـێــزانیـنى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد و جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئەو جۆرە پیشوازى و ڕێزلێنانە هانیان دەدات بەردەوام بن و پەرەى زیاتر بەتواناکانیان بدەن.
لە کۆتایشدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاس و پێزانینى پێشکەشى د. عبدالصمد قادر حوسێن مامۆستا لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى کرد.