لە ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ٦٣٢٥ قوتابی بڕوانامەیان وەرگرت
هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KRD) -ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێکەوتى ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ئاهەنگى دەرچووانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر بەڕێوەچوو، کە تێیدا بڕوانامەى بەکالۆریۆس و دبلۆم بەخشرایە ٦٣٢٥ دەرچووى ٦ کۆلێژ و ٦ پەیمانگە، لە ٧١ پسپۆڕیی جیادا.
لە مەراسیمەکەدا دکتۆر عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دواى پیرۆزباییکردن لە دەرچووان، گوتى: "خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە کەرنەڤاڵی دەرچوونی خولێکى دیکەى زانکۆی پۆلیتەکنیکى هەولێر بەشدارم. بۆیە جێگەى خۆیەتى دەستخۆشى لە سەرۆکایەتیی زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆکەتان بکەم بۆ پێگەیاندنى نەوەیەکى نوێ بۆ کۆمەڵگەکەمان."
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، ناوبراو ڕاگەیاند: "پێشخستنی خوێندنى تەکنیکى یەکێکە لە کارە هەرە گرنگەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و کۆڵەکەیەکى بنەڕەتیی سیستمی خوێندنی هەرێمەکەمانە؛ ڕێگایەکی گرنگە بۆ ئامادەکردنی دەستی کاری خۆماڵی و درووستکردنی کارامەیی لەنێو گەنجاندا. لەهەمان کاتدا دەبێت هەوڵ بدەین زانکۆکانمان پەیوەندیی زیاتر و توندوتۆڵتریان لەگەڵ بازاڕی کار و کەرتی گشتی و پیشەسازی هەبێت."
بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشێکی دیدگای وەزارەتى لەبارەی زانکۆ باسکرد و ڕاگەیاند: "ئێمە نامانەوێت زانکۆ تەنیا بڕوانامە بدات و فەرمانبەر بۆ کەرتى گشتى ئامادەبکات، بەڵکو پێویستە زانکۆ کارامەیى و توانای پیشەیی بۆ خوێندکارانى درووستبکات، تا دواى تەواوکردنى خوێندن، بتوانن دەرفەتى کار بۆ خەڵکى دیکە بڕەخسێنن و لە بازاڕى کارى کوردستاندا هەلی کارى گونجاویان بۆ بەدەستبێنن؛ بۆیە ئەرکى حکوومەتى هەرێم بەتایبەت وەزارەتى خوێندنى باڵایە، کە کار بکات و بەرنامەى هەبێت، بۆ ئەوەى دەرچووان بتوانن هەلى کاریان لە بازاڕى کارى هەرێمدا هەبێت. لەو چوارچێوەیەشدا پێویستە حکوومەت هەوڵى ڕژد بدات بۆ ڕەخساندنى هەلى کار لە ڕووی ژمارە و هەڵسەنگاندن بۆ بازاڕى کار. لەهەمان کاتدا پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەکانى خوێندن بکەن، بەتایبەت خوێندنى پیشەیی و زانستە کردارییەکان."