Skip to the content

١٠٧ دەرچووى دیکە لە کۆلێژە پزیشکییەکانى زانکۆکانى کوردستان وەرگیران

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - لە بەر ڕۆشنایی بڕیار و ڕاسپاردەکانى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ١٠٧ خوێندکاری دیکە لە کۆلێژەکانى پزیشکیی گشتى، پزیشکیی ددان، دەرمانسازی، بەشێوەى پارالێل بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠٢٢-٢٠٢٣ لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان وەرگیران.

لە ماوەى ڕابردوودا بەشێک لە دەرچووانى ساڵانى ڕابردوو داواکارییان پێشکەش بە وەزارەت کرد بۆ وەرگرتنیان لە کۆلێجە پزیشکییەکان بەشێوەى پارالێل، بۆ ئەوەش، داواى زیادکردنى کورسیی پارالێڵیان کردبوو.
لە کۆبوونەوەى ژمارە ٧ى ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی، لیژنەیەک ڕاسپێردرا بۆ دیراسەکردن و دیاریکردنى ژمارەى کورسییەکان بەپێى تواناى زانکۆکان.

لیژنەکە تاووتوێى سەرجەم لایەنە زانستییەکانى بابەتەکە و ژمارەى کورسییەکانى بەپێى تواناى زانکۆکان لەسەر ئاستى هەریەک لە کۆلێجەکان کرد، لە ئەنجامدا لەژێر ڕۆشنایی پێشنیازەکانى لیژنەکە، وەزارەت بڕیاری دا بەوەرگرتنى ١٠٧ قوتابیی دیکە لە کۆلێجەکانى پزیشکیی گشتى، پزیشکیی ددان، دەرمانسازى.

جگە لەو دەرچووانەی کە ساڵى پار خۆیان لە کۆلێژەکانى پزیشکیی گشتی وەرگیرابوون، هەموو ئەو دەرچووانەی کە ساڵانى ڕابردوو پۆلى دوانزەیان تەواو کردبوو، بەڵام ئەمساڵ دووبارە داواکارییان پێشکەش کردبوو تا بە سیستمى پارالێل لە کۆلێجە پزیشکییەکان وەربگیرێن، لە ئەنجامدا سەرجەمیان چوونە پێشبڕکێى وەرگرتن بۆ کورسییە زیادکراوەکان، لە ئەنجامدا ١٠٧ خوێندکاری تر لە دەرچووانى ساڵانى ڕابردوو وەرگیران، کە ناوەکانیان و کەمترین کۆنمرەى وەرگرتنیان لەم لیستەى خوارەوەدا هاتووە:

https://drive.google.com/file/d/1djBrMlTgWholh9dUK75pahY8PoUJfH8z/view