Skip to the content

بۆ پێشخستنی بەئەلیکترۆنیکردنى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا، وەزارەت و سەرچاوە مرۆییەکانی زانکۆکان کوبوونەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KRD) - بەمەبەستى ئاگاداربوون لە دوایین هەنگاوەکانی بەرەوپێشبردنی سیستمی بەئەلیکترۆنیکردنى دامودەزگاکانى خوێندنى باڵاى کوردستان و نەهێشتنی کەموکوڕییەکان، بەسەرپەرشتی د. توانا نەجەف محەمەدخان، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕى و دارایى لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کۆبوانەوەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەرانی سەرچاوە مرۆییەکان و ئایتىی سەرجەم زانکۆکانى کوردستان بەڕێوەچوو.

ئامانج لە کۆبوونەوەکە نەهێشتنی هەر گرفتێکی تەکنیکی و ئیداری بوو لە سیستمی ئەلیکرۆنیی سەرچاوە مرۆییەکانی سەرجەم زانکۆکان و ئاگاداربوونى وەزارەت لە هەنگاوەکانی تۆکمەکردن و بەرەوپێشبردنی ئەو سیستمە تاکو هاووڵاتیان و خوێندکاران کارئاسانیی زیاتریان بۆ بکرێت و پێویستیان بە سەردانیکردنی وەزارەت و رۆتین نەبێت و بە ئاسانترین شێوە کار و داواکارییەکانی پەیوەندیدار بە وەزارەت رایی بکەن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەنگاوەکانی یەکخستنی پەیکەری کارگێڕیی دامودەزگاکانى خوێندنى باڵا کرا و لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕى و دارایى ڕایگەیاند: "هەنگاوی گرنگمان ناوە بۆ یەکخستن و ڕێکخستنەوەى پەیکەرى کارگێڕىی زانکۆکانى کوردستان و دامەزراوەکان بە مەبەستى باشتر ڕاییکردنى کاروبارەکان و کارئاسانیی زیاتر بۆ مامۆستایان و خوێندکاران."

لەلایەن بەڕێوەبەرانی سەرچاوە مرۆییەکان و ئایتی چەندین پێشنیاز و سەرنج بۆ بەرەوپێشبردنى کاروبارەکان لە چوارچێوەى ئاسانکاریکردن خرایەڕوو.