Skip to the content

بۆ چارەسەری کێشەکانیان وەزیری خوێندنی باڵا سەردانی زانکۆی چەرمووی کرد

هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KRD) - بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە کێشەى ناونیشانى پیشەیی خوێندکاران و قوتابیانى زانکۆى چەرموو، ئەمڕۆ دووشه‌ممه،‌ ڕێكه‌وتی ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، د. ئارام محه‌مه‌د قادر، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى، سه‌ردانی زانكۆی چه‌رمووی كرد و له‌لایه‌ن د. هه‌ڵه‌ت ڕه‌شید، سه‌رۆكی زانكۆى چەرموو پێشوازی لێكرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بریکارى وەزارەت و بەڕێوەبەرى گشتیی خوێندن و پلاندانان ئامادەی بوون، لەگەڵ ئەنجوقمەنى زانکۆ و نوێنەرانی خوێندکارانى به‌شه‌ جیاوازه‌كان له‌ كۆلێژه‌كانی زانكۆى چەرموو بۆ بابەتى ناونیشانی پیشه‌یی کۆبووەوە.

لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ خوێندکارانى زانکۆى چەرموق، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تیشکى خستە سەر کێشەى ناونیشانى پیشەیى کۆلێژەکانى ئەم زانکۆیە و بە وردى گوێى لە داواکارییەکانیان گرت، دواتریش بەڵێنى تەواوى پێدان بەدواداچوونی ڕژد بکات بۆ ئەو کێشانەى کە تا ئێستا ماون.
بڕیاریش درا لەماوەیەکی نزیکدا بڕیارەکانى ئەنجوومەنى وەزارەت و ئەنجومەنى زانکۆ و لیژنەی تایبەتمەندى وەزارەت، تایبەت بە پرسى ناونیشانى پیشەیى خوێندکارانى زانکۆى چەرموو بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پشتیوانیی خۆى و وەزارەتى بۆ هەموو جۆرە هاوکارى و یارمەتییەک بەمەبەستى چارەسەرکردنی کێشەکەیان و جێبەجێکردنى بڕیارەکان خستەڕوو.