Skip to the content

زانکۆی زاخۆ کێشە کارگێڕی و داراییەکانی خستە بەردەمی وەزارەتی خوێندنی باڵا

هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KRD) - ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتى ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سەردانى زانکۆى زاخۆى کرد و لەلایەن د. نازم سلێمان، سەرۆکى زانکۆى زاخۆ پێشوازى لێ کرا و لەگەڵ ئەنجوومەنى زانکۆ کۆبووەوە.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە گوتەیەکدا لەبەردەم ئەندامانى ئەنجوومەنى زانکۆى زاخۆ، خۆشحاڵیی خۆى نیشاندا بە کۆبوونەوەو دیدارى لەگەڵ سەرۆک و ڕاگرانى زانکۆى زاخۆ و ڕاستەوخۆ گفتوگۆکردن لەبارەى پڕۆژە و کێشەکانى بەردەم پڕۆسەى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان بەگشتى و زانکۆى زاخۆ بەتایبەتى.

لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرى خوێندنى باڵا ئاماژەى بەوە کرد "زانکۆى زاخۆ یەکێکە لە زانکۆ گرنگەکانى ناوچەکە و بەڵێن دەدەین درێغى لە هاوکاریتان و پێشخستنى ئاستى زانکۆ نەکەین، ئێوەش لە ڕێگەى پێشکەشکردنى پڕۆژە و بۆچوونى بەسوود پلان و کارەکانمان دەوڵەمەند بکەن، چونکە ئەنجامدانى ڕیفۆڕم و گۆڕانکارى لە زانکۆکان بەشێکى زۆرى دەکەوێتە ئەستۆى زانکۆکەتان و ئەو پرۆژە نێودەوڵەتییانەى دەستتان پێکردووە، بەتایبەت جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس لە زانکۆى زاخۆ."

لەبارەى سەربەخۆىی کارگێڕى و دارایى زانکۆکان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: "بۆ بەردەوامیدان بە پڕۆژەکان و پێشخستنى ئاستى زانکۆکانمان، بە دیدێکى نوێ و پڕۆژەی تازە، بەردەوامى دەدەین بە سەربەخۆیى دارایى و کارگێڕیی زانکۆکان، بۆ ئەمەش وەک وەزارەت هاوکار و هەماهەنگى سەرەکیتان دەبین و درێغى ناکەین بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و پێشخستنى زانکۆ لەگشت ڕووەکانەوە."

د.نازم سلێمان، سەرۆکى زانکۆى زاخۆ لە گوتەیەکدا، گرنگترین کێشەکانى زانکۆکەى خستەڕوو و لەو چوارچێوەیەشدا ڕایگەیاند: "کێشەى نەبوونى باڵەخانە و هۆڵى خوێندن لە زانکۆى زاخۆ بۆ کۆلێژ و بەشەکان کێشەى گەورەن، لەپاڵ ئەمەش کێشە داراییەکان لە جێبەجێکردنى پڕۆژەکانى زانکۆى زاخۆ گرفتێکی سەرەکییە، بەتایبەت ئەنجامدانى سێ پڕۆژەى گەورە کە تا ئێستا نیوەى کارەکانیان جێبەجێکراون."

سەرۆکی زانکۆی زاخۆ داواى پشتیوانى و هاوکارى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا کرد و وەزارەتیش بەڵێنی هاوکاری و چارەسەرکردنی کێشەکانیانی دا.