سێیەمین کۆنفرانسى نێودوڵەتى گۆڕانکارى کۆمەڵایەتى و گەشەپێدانى هەرێمىی لە دهۆک بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بەمەبەستى چارەسەرکردنى کێشە کۆمەڵایەتییەکانى کۆمەڵگە بەشێوەیەکى زانستى لە ڕێگەى بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى، سێیەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى گۆڕانکارى کۆمەڵایەتى و گەشەپێدانى هەرێمى ٢٠٢٢، بەرەو زانستە کۆمەڵایەتییە کردارییەکان، لەلایەن زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک لەگەڵ زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر بەهاوبەشى زانکۆى UTHM مالیزى لەشارى دهۆک بەڕێوەچو.
رۆژی چوارشەمە ڕێکەوتی ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، بە چاودێرى و ئامادەبونى د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سێیەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى گۆڕانکارى کۆمەڵایەتى و گەشەپێدانى هەرێمى ٢٠٢٢، بەرەو زانستە کۆمەڵایەتییە کردارییەکان بۆ ماوەى دوو رۆژ دەستى بەکارەکانى کرد.
لە گوتەیەکدا بەناوى هەرسێ زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک و هەولێر و زانکۆى UTHMى مالیزى، د.ئارى عادل سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک رایگەیاند:''١٢٦ توێژینەوەى ناوخۆیى و نێودەوڵەتى لەبوارەکانى ئامار و ئابوورى، کارگێرى، دارایى و بانک، ژمێریارى، راگەیاندن و زمان پێشکەش بە کۆنفرانس کراوەو ١١٤ توێژینەوە ڕەزامەندى لەسەر دراوەو لەلایەن لێژنەیەکى تایبەتمەند هەڵسەنگاندن بۆ توێژینەوەکان کراوە و راشیگەیاند، لەماوەى دوو رۆژى کۆنفرانسدا توێژینەوەکان گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
لەبارەى گرنگى کۆنفرانسەکە، د. ئارى عادل ڕایگەیاند:''ئەنجامدانى ئەم کۆنفرانسە کاریگەرى ئەرێنى دەبێت بۆ توێژەرەکانمان لە هەرسێ زانکۆ و بەستنەوەى بابەتى توێژینەوەکان بەکێشەکانى کۆمەڵگەو بایەخدانى زیاتر بەو بوار و پسپۆڕییانەى کاریگەرى لەسەر کایە جۆراو جۆرەکانى کۆمەڵگەدا هەیە.''
دواتر پانێڵى سەرەکى کۆنفرانس لەبارەى پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغدا بەرەو چ ئاراستەیەک بەڕێوەچو، ئامانجى سەرەکى لە کۆنفرانسەکە کۆکۆکردنەوەى توێژەرانى زانکۆکانى کوردستانە لەبوارى زانستە کۆمەڵایەتییەکان و دەرفەتدان بە قوتابیان و خوێندکارانى خوێندنى باڵاى ماستەرو دکتۆرا تاکو لەم کۆنفرانسە توێژینەوەکانیان بڵاوبکرێتەوە، هەروەها هاندان و هاوکارى لەنێوان زانکۆکان و بڵاوکردنەوەى توێژینەوەکان لە گۆفارە زانستییە ناوخۆیى و نێودەوڵەتییەکان.