سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و خوێندنی باڵا پڕۆژەی هاوبەشی گرنگیدان بە سەلامەتیی پیشەیی جێبەجێ دەکەن
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە هەماهەنگى لەگەڵ سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان، کار بۆ پەرەپێدانى پرۆگرامى سەلامەتیی پیشەیى لە بەشەکانى ڕاگەیاندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، د. عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازی لە ئازاد حەمەدئەمین، نەقیبى سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان و دەستەیەکی هاوپیشەی کرد.
وەفدى سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان کورتەیەکیان لەبارەى بەشداریکردنیان لە کۆنگرەى ٣١ـەمینى فیدراسۆنى رۆژنامەنووسانى جیهانى کرد کە لە مانگى حوزەیرانى ئەمساڵ لە عومان بەڕێوەچوو پێشکەش کرد؛ لە کۆنگرەکەدا پڕۆگرامى سەلامەتیی پیشەیی وەک وانەیەکى سەرەکى لە بەشەکانى ڕاگەیاندن جەختى لەسەر کراوەتەوە.
بۆ ئەمەش نەقیبى سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان داواى کرد لە سەرجەم بەشەکانى ڕاگەیاندن و میدیا لە کۆلێژ و پەیمانگەکاندا پڕۆگرامى سەلامەتیی پیشەیی بایەخى پێ بدرێت.
لە بەرامبەردا بریکارى وەزارەت دواى بەخێرهێنانی وەفدى سەندیکاى رۆژنامەنووسان، پەرەپێدانى پەیوەندى و هاوکارى لە نێوان هەردوولا بە پێویست زانى، بەتایبەت هەماهەنگیکردن لەگەڵ بەشەکانى ڕاگەیاندن و میدیا لە کۆلێژ و پەیمانگەکاندا.
لەبارەى پڕۆگرامى سەلامەتیی پیشەیی لە بەشەکانى ڕاگەیاندن و پەرەپێدانى ئەم پڕۆگرامە، د. عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق، دووپاتیکردەوە لە کۆنفرانسى بەشە زانستییەکاندا بۆ پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەکانى خوێندن، بابەتى سەلامەتیی پیشەیى و جێکردنەوەى لە پڕۆگرامەکانى خوێندندا بەهەند وەردەگیرێت، گوتیشى: "بۆ ئەم پرسە لەگەڵ مامۆستایانى بەشەکانى ڕاگەیاندن لە هەماهەنگیی بەردەوامدا دەبین."
لەکۆتاییشدا پشتگیریی خۆى بۆ داواکارییەکەیان بەمەبەستى بایەخدانى زیاتر بە بابەتى سەلامەتیی پیشەیى لە بەشەکانى ڕاگەیاندن دووپاتکردەوە.