Skip to the content

وڵاتى یۆنان ژمارەیەک دەرفەتی خوێندن پێشکەش بە زانکۆکانى هەرێمی کوردستان دەکات

هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KRD) - بەمەبەستى پەرەپێدانى پەیوەندى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى هەردوولا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کونسوڵى گشتىی یۆنان لە هەرێمى کوردستان کۆبوونەوە؛ واش بڕیارە ئەو وڵاتە ژمارەیەک دەرفەتی خوێندنى باڵا (ماستەر/دکتۆرا) پێشکەش بە زانکۆکانى هەرێمی کوردستان بکات.

نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەمە، ڕێکەوتى ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، پێشوازی لە د. ستاڤرۆس کێریمیس، کونسوڵى گشتیی یۆنان لە هەرێمى کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا کە بریکارى وەزارەت و سەرۆکى زانکۆى ڕاپەڕین و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتیی وەزارەت ئامادەی بوون، وەزیرى خوێندنى باڵا جەختى لەسەر هەماهەنگى و پەیوەندیی بەردەوام لە بوارى خوێندن و فێربوون لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى وڵاتى یۆنان کردەوە، بەتایبەت بۆ ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى و پەرەپێدانى تواناکان.

د. ئارام محەمەد قادر هیواخوازیش بوو هاوشێوەى زۆرێک لە وڵاتى دیکە، بتوانن سوود لە سیستم و پڕۆسەى خوێندنى باڵاى ئەو وڵاتە لە بوارى پەرەپێدانى توێژینەوەى زانستى و کوالێتیی خوێندن بۆ دامەزراوەکانى خوێندنى باڵاى کوردستان ببینرێت، بۆ ئەمەش سوپاسى ئەو وڵاتەى کرد بۆ پێشکەشکردنى ژمارەیەک سکۆلەرشیپی خوێندن بە زانکۆکانى کوردستان.

لەلایەن خۆیەوە کونسوڵى گشتیی یۆنان لە هەرێمى کوردستان، دوپاتیکردەوە: "مەبەستمانە بناغەى پەیوەندییەکى بەهێزى زانستى و ئەکادیمى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم دابڕێژین."