Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا: لە کوشتنی قوتابی بەشار فایەق لە ئەهواز دەکۆڵینەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KRD) - دواى ڕووداوى گیانلەدەستدانى بەشار فایەق ئەحمەد، قوتابى لە کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى ئەهواز لە ئێران، بەمەبەستى دەربڕینى هاوخەمى، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسەرپەرشتیی د. عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق، بریکارى وەزارەت و بەڕێوەبەرى گشتىی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمى هێنانەوەى تەرمی قوتابی لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتىی هەولێر و بەخاکسپاردنى لە قەزاى بەردەڕەش لە پارێزگارى دهۆک کرد.

وەفدەکەى وەزارەت جگە لەوەی لە نزیکەوە پرسە و سەرەخۆشى و هاوخەمییان لەگەڵ بنەماڵەکەی دەربڕی، پەیامی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزارەتیان بە خانەوادەى بەشار فایەق گەیاند، دووپاتیانکردەوە لە ڕۆژى یەکەمى ڕووداوەکەوە وەزارەت لە ڕێگەى نوێنەرایەتىی حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە تاران، لەسەر هێڵ بوونە، بەمەبەستى ئاسانکاریی پێویست بۆ گەڕانەوەى تەرمى خوێندکارى ناوبراو بۆ هەرێمى کوردستان.

بریکارى وەزارەت گوتی: "وەزارەتەکەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵ دەبێت بۆ دەرخستنى ڕاستییەکان و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەى ڕووداوى لەم شێوەیە."

بەشار فایەق تەمەن ٢١ ساڵ، قوتابی قۆناغی دووی کۆلێژی پزیشکی بوو، لە زانکۆیەکی شاری ئەهوازی ناوەندی پارێزگای خوزستان دەیخوێند، رۆژی ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، لە تەنیشت زانکۆکەی لەلایەن چوار کەسەوە درابووە بەر چەقۆ و دوای چوار رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە و ئەنجامدانی چوار نەشتەرگەریی گەورە، گیانی لەدەست دا.