Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا پڕۆژەی بۆردی ڕاوێژکاریی خوێندنى باڵا و کەرتى تایبەت و پیشەسازی ڕادەگەیەنێت

هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: "لەکۆتایی ئەم مانگەدا بەشێوازێکی فەرمی دەستپێکردنى پڕۆژەی بۆردی ڕاوێژکاریی خوێندنى باڵاو کەرتى تایبەت و پیشەسازی ڕادەگەیەنین، کە لەڕێگەی ئەم پرۆژەیە ناوەندەکانى خوێندنى باڵاو زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان دەبەسترێنەوە بە پێداویستییەکانى کەرتى تایبەت."

گوتیشى: "هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی ئەم بۆردە بە شێوازێکی زانستى ڕووپێوی بەردەوامیی پێداویستییەکانى بازاڕی کار بکەین و پەرە بەو پڕۆگرامانەی خوێندن بدەین، بەو ئامانجەى بتوانین پێوستیمان بەدەستى کاری دەرەکی نەبێت."

ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، بەچاودێرى و ئامادەبوونى د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ڕێوڕەسم و ئاهەنگى دەیەمین خولى دەرچووانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک، بە بەشداریی پارێزگارى دهۆک و بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و ڕاوێژکارى وەزارەت و مامۆستایان و دەرچووان و کەسوکاری خوێندکاران بەڕێوەچوو، کە تێیدا ٣٩٣٨ قوتابى لە شەش کۆلێژى تەکنیکى و هەشت پەیمانگەى تەکنیکى و ٥٣ بەشى جیا، بڕوانامەى دبلۆم و بەکالۆریۆسی پیشەییان پێ بەخشرا."

لە دەستپێکى مەراسیمەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى پیرۆزبایىکردن لە دەرچووان، ڕایگەیاند: "زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک لەماوەی ڕابردوودا گەشەکردن و بەرەوپێشچوونى بەرچاوی بەخۆوە دیوە، هەنگاوەکانى زانکۆ لە ڕوی کوالیتیی خوێندن و توێژینەوەی زانستى و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان جێگەی پێزانین و دەستخۆشییە، هیوامان وایە زانکۆکەتان بەردەوام بێت لەسەر گەشەپێدانى زیاتری پڕۆگرامەکانى خوێندن و فراوانکردنى دەرفەتى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکی بۆ ڕۆڵەکانى وڵاتەکەمان."

گوتیشی: "گرنگترین خاڵى ئەجێنداى ڕیفۆرمی خوێندی باڵا لە هەرێمی کوردستان بریتیە لە ئاوڕدانەوە لە خوێندنى تەکنیکی و پیشەیی و بەستنەوەی زیاتری بە پێداویستییەکانى بازاڕی کار و ئاراستەی گەشەکردنى ئابووریی وڵاتەکەمان، بۆ ئەمەش لەم بوارەدا زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان ڕۆڵى گەورە و بەرچاو دەگێڕن، هیوامان وایە پێکەوە بتوانین لە ڕێگای توندوتۆڵکردنى پەیوەندی لەگەڵ سێکتەرە جیاجیاکانى کەرتى تایبەت و بزنس و پیشەسازی، گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە خوێندیلنی تەکنیکی و پیشەیى لە هەرێمی کوردستان بکەین."

لەبەشێکى دیکەى ڕێوڕەسمەکەدا د. ئارى عادل، سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک، لە گوتەیەکدا ئاماژەى بە پێکهاتەى زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک و کۆى پڕۆژە و پڕۆگرامە زانستییەکانى زانکۆکەیان کرد، گوتیشى: "لە ئێستادا زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک لەسەر نەخشەى ئەکادیمیاى جیهانى و ڕیزبەندە جیهانى و نێودەوڵەتییەکاندا پێگە و شوێنى دیار و بەرچاوە؛ ئاستى توێژینەوەکانى باشتر چوونەتە خزمەتى بەرەوپێشبردنى ئاستى زانستى و ئەکادیمیی زانکۆ."