Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆمەڵێک بڕیارى لەبەرژەوەندى ئەو خوێندکارانە دەرکرد کە لە وڵاتى ئێران دەخوێنن

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - بەئامانجى پاراستنى ژیان و سەلامەتى گیانى خوێندکاران و قوتابیانى هەرێمى کوردستان، کە لە زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەخوێنن، بەفەرمانێکى وەزارى کۆمەڵێک بڕیارى دەرکرد.

لەو فەرمانە وەزاریەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە بە واژووی د.ئارام محەمەد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچووە، بەچەند خاڵێک بڕیارەکان روونکراونەتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا و لە خاڵى یەکەمدا هاتوە "تا کۆتایی ئەم سیمستەرە مەرجى مانەوە بەشێوەى بەردەوام بۆ خوێندکاران و قوتابیان لە وڵاتى ئێران ڕەچاو ناکرێت و ئەو ماوەیەى کە قوتابیان و خوێندکاران، کە لە "هەرێمى کوردستاندا بەسەرى دەبەن، پێویستە لە داهاتودا قەرەبوى بکەنەوە، وەکو تەواوکەرى ماوەى پێویستى مانەوە".

هەر لە فەرمانە وەزاریەکەدا هاتوە هەر خوێندکار و قوتابیەک "بیەوێت لەم کۆرسەدا خوێندنەکەى دوابخات، ڕێگەپێدراوە"، بەڵام نوسراوەکە لە خاڵێکى دیکەدا جەختى لەسەر ئەوە کردۆتەوە، کە "خوێندنى ئۆنلاین ڕێگەپێدراو نیە".

لە کۆتایشدا، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە فەرمانە وەزاریەکەیدا ئاشکرایکردوە، کە فەرمانکە لە "ڕێکەوتى (2022/11/15) ەوە کارى پێ دەکرێت".

https://drive.google.com/file/d/1VPHdmXyTZYwzFdvkGMF5FUQ0TmbZSEqR/view?usp=share_link