Skip to the content

وەزارەتی خوێندنی باڵا قوتابیان لە بەرنامەی خوێندکارى سەرکردە ئاگاداردەکاتەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا بەرنامەی قوتابیی سەرکردە (Student Leaders Program)ى بۆ ساڵی (٢٠٢٣- ٢٠٢٤) ڕاگەیاند.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییش، قوتابیان و خوێندکارانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئاگادار دەکاتەوە ئەوانیش دەتوانن داواکارى بۆ بەدەستهێنانى کورسییەکانى ئەو بەرنامەیە پێشکەش بکەن.

بەرنامەی (Student Leaders Program) بەرنامەیەکی وردی سەرکردایەتییە، کە تیایدا قوتابی و خوێندکار لە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن.
بەرنامەکە ماوەی ساڵێک بەردەوام دەبێت و لە سێ بەش پێکهاتووە، بەشى یەکەم پێش وەرزى هاوین بەڕێوەدەچێ، بەشى دووەم لە وەرزی هاویندا دەبێ، هەرچى بەشى سێیەمە دوای وەرزی هاوین دەستپێدەکات.

سەبارەت بە مەرجەکان جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پێویستە قوتابى تەمەنی لە نیوان (٢٠- ٢٤) ساڵ بێت، لە هەمان کاتدا دانیشتووى یەکێک لەم وڵاتانە بێت: عێراق، جەزائیر، بەحرەین، میسر، ئیسرائیل، ئەردەن، کوێت، لوبنان، لیبیا، مەراکش، قەتەر، سوریا، تونس، بەری رۆژئاوای غەزە، یەمەن.

هاوکات پێشکەشکار دەبێت شارەزایی باشى لە زمانی ئینگلیزی هەبێت.

دوا کات بۆ پێشکەشکردن ڕێکەوتى ١٩ کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ ـە.
بۆ زیاتری زانیاری و پێشکەشکردن دەتوانن سکانی ئەم بارکۆدە بکەن کە لە برۆشەری هاوپێچدا هاتووە.