Skip to the content

وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی ئەوقاف لەسەر چەند پرسێکی هاوبەش کۆبوونەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - رۆژی دووشەممە، ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، د. عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پێشوازی لە زێندین مەولوود، بریکارى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە هەریەک لە بەڕێوەبەرایەنى گشتیی هەردوو وەزارەت ئامادەی بوون، چەند بابەتێکى هاوبەش لەنێوان هەردوولا تاووتوێ کران.

لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا کارى هاوبەشى هەردوو وەزارەتی لەسەر چەند تەوەرێک خستەڕوو، باسیشى له ڕۆڵ و ئه‌زموونى هه‌رێمى كوردستان كرد له به‌ديهێنانى ئاشتى و ته‌بايى نێوان پێكهاته‌كان، دواتر ڕووناکی خستە سەر پێکھاتە ئاینییەکانی کوردستان و ڕۆڵی حکوومەتی هه‌رێم لە خزمەتکردنی ھەمەلایەنە بەبێ جیاوازی و ئاماژەدان بە ستراتیژی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەم کە ئامانجی سەرەکی برەودانە بە پێکەوەژیان و گیانی پێکەوەیی.

لەلایەن خۆیەوە بریکارى وەزارەتى ئەوقاف لە گوتەیەکدا جەختى لەسەر پەرەپێدان و بەردەوامىی پەیوەندییەکان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا کردەوە؛ گوتی: "کوردستان وڵاتی ھەمووانە و بووەتە مەڵبەندی ئاشتی و پێکەوەیی ناوچەکە و تابلۆیەکی جوان و درەوشاوەی پیشانی جیھان داوە."

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانى پڕۆگرامەکانى خوێندنى ئیسلامى لە زانکۆکانى کوردستان و هەماهەنگیی هەردوو وەزارەت بۆ زیاتر خزمەتکردن بە کۆلێژ و بەشەکانى خوێندنى ئیسلامى دووپاتکرایەوە.