Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا: خانمان ڕێژەی ٥٧٪ی خوێندکارانى زانکۆ پێکدەهێنن

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ''پێشکەوتنی شارى کۆیە و زانکۆکەى خەونی شەهیدان و دڵسۆزانی ئەم شارەیە، ئێمەش بە گیانی وەفاداری و بەرپرسیاریتییەوە لەم ئەرکە دەڕوانین'' و گوتیشى:''خۆشبەختانە لە ئێستادا ئەم زانکۆیە لە ڕووی ژێرخان و توانای مرۆیی و زانستی و بەرهەمی توێژینەوەی زانستی لە گەشەکردندایە.''

رۆژی یەکشەمە ڕێکەوتى ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کەرنەڤاڵی دەرچونی خولی حەڤدەیەمینى زانکۆی کۆیە لە هۆڵى فاکەڵتى پەروەردەى وەرزشى زانکۆى کۆیە بەڕێوەچوو. لەم خولەدا ٩٦٩ دەرچوو لە ٣٠ بەشی زانستی جیاجیا بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان پێبەخشرا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى و مامۆستایان و کەسوکاری دەرچوان ئامادەیبوون، لە گوتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى پیرۆزبایی لە دەرچوان، ڕایگەیاند:''مایەى شانازییە بەپێی داتای دەرچوانی زانکۆی کۆیە خانمان ڕێژەی ٤٦٪ی دەرچوانی ئەم خولە پێکدەهێنن، هەروەها لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانیش خانمان ڕێژەی ٥٧٪ی خوێندکاران و قوتابیان پێکدەهێنن.
ئاشکراشیکرد:''لەسەر ئاستى ئەنجومەنى وەزارەت چوار ئەندامی ئەنجومەن، سێ سەرۆک زانکۆ و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان لە خانمانی بەتوانای کایەی ئەکادیمین، ئەمەش ئاماژەیەکی گرنگە بۆ ئەو ڕاستییەی کە هەرێمی کوردستان هەنگاوی گرنگی ناوە بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ کچان و کوڕانی وڵاتەکەمان بۆ ئەوەی لەڕوی گەیشتن بە زانست و بەدەستهێنانی کارامەیی گەشەبکەن و دەرفەتی یەکسانی گەشەکردنی ئابوریشیان هەبێت.''

لە بەشێکى دیکەى گوتەکەیدا د. ئارام محمد قادر ئاماژەى بەوە کرد شاری کۆیە خاوەنی مێژویەکی پرشنگدارە لەبواری زانست و مەعریفەو ڕۆشنگەریدا، خەڵکی دڵسۆزو نیشتیمانپەروەری کۆیە هەمیشە لە پێشەنگی خەبات و قوربانیدان و جۆشدانی خەبات و بیری کوردایەتی بوون، ئێستاش خۆشحاڵین کە دەبینین زانکۆی کۆیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پێش دەکەوێ، ئەم زانکۆیە لە ڕوی ژێرخان و توانای مرۆیی و ئاستی زانستی و بەرهەمی توێژینەوەی زانستی بەردەوام لە گەشەکردندایە، لە ڕیزبەندی نیشتیمانی و ڕیزبەندییە جیهانییەکانیشدا هەمیشە زانکۆی کۆیە لە ڕیزی زانکۆ پێشەنگەکانی کوردستاندایە.

گوتیشى:''دیارترین خەسڵەتی زانکۆى کۆیە بریتییە لە فراوانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کارایی تۆڕی هەماهەنگی و پەیوەندی زانستی لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی جیهان، بۆ ئەمەش دەستخۆشى لێکردن کە ئەمساڵ توانییان گرانتێکی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی Academy British بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی ئەڵستەری بەریتانی بە بڕی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار بەدەستبهێنن، ئەم گرانتە تایبەتە بە توێژینەوەکانی بواری سیاسەتی ئابوری پەروەردەو پەرەپێدانی تواناکان لە بواری توێژینەوەکانی تایبەت بە پەروەردە لە کوردستان، ئەم هەنگاوەتان جێگەی دەستخۆشیەو سوپاسی بریتش ئەکادیمی و زانکۆی ئەڵستەر دەکەم کە هاوکار بوون لەسەرخستنی ئەم دەستپێشخەرییە.''

لە تەوەرێکى دیکەى وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا ئاماژەى بە ڕیفۆرم و گەشەپێدانى کەرتى خوێندنى باڵا کردو ڕایگەیاند:''گرنگترین هەنگاوی ڕیفۆرمى خوێندنى باڵا بریتییە لە کرانەوەی زیاتری خوێندنی باڵا بەڕوی کۆمەڵگەدا، وتیشى: لەپلانماندایە پێداچونەوە بەناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و بەشە زانستییەکانی زانکۆکانمان بکەین بە زانکۆ حکومی و تایبەتەکانیشەوە، ئەوبەشانەی کە دەرفەتی کاری زیاتر بۆ دەرچوانمان دەڕەخسێنن پەرەی زیاتریان پێ دەدەین و بەشی نوێی پەیوەندیدار بە پێداویستییەکاننی بازاڕی کار دەکەینەوە.''

د.ئارام محمد قادر ڕو لە دەرچوانى زانکۆى کۆیە گوتى:''هەنگاوی گرنگمان ناوە بۆ گۆڕانکاری لە سیستمی ناوەندیی وەرگرتن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی گۆڕینی ئەم سیستمە بە سیستمێکی مۆدێرن کە تیایدا زیاتر ڕەچاوی ئارەزو و خولیا و تواناکانی گەنجان و ئاراستەی پیشەیی دەرچوانی ئامادەیی بکات. وتیشى: خەونی گەورەمان ئەوەیە کە سیستمی خوێندنی باڵای هەرێم لە ئاستی عیراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیستمێکی ناوازە بێت و لەسەر بنەمای کواڵیتی و ستانداردی نێودەوڵەتی بنیادبنرێتەوە، خوێندنی باڵا بکەینە ئامرازی پەرەپێدانی کلتور و بەها نەتەوەییەکانمان بەتایبەت بەهاکانی ئازادی و دیموکراسی و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و یەکسانی جێندەری و لێبوردەیی و پێکەوە ژیان.''

لە کۆتاییشدا وتى: ''ئێمە دەمانەوێت پرسی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا ببێتە پرسێکی نیشتیمانی و بەهاوکاری حکومەت و پەرلەمان و کۆمەڵگەی ئەکادیمی و هەمو چین و توێژەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی پێکەوە کاری بۆ بکەین.''