Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا پێشوازی لە ئەمینداری گشتیی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان کرد

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە د. عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتیی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان کرد.

لە دیدارێکدا کە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتی و سەرۆکى زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیى ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەى پڕۆسەی خوێندن و فێربوون لە هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی ڕیفۆرمی کەرتی باڵا و هەماهەنگیی زیاتر بۆ ئامادەکردنی هێزی کاری وڵات لەبەر ڕۆشنایی پێداویستییەکانی بازاڕی کار و ئاراستەی گەشەکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان کرا.

هەر لە دیدارەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا دووپاتیکردەوە: "وەزارەتەکەمان خاوەنی ڕوانگە و پلانی ڕوونە بۆ گەشەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵا لە کوردستان و باوەڕمان وایە کە وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی خوێندنی باڵا فاکتەری سەرەکی بنیاتنانی ئابوورییەکی گەشەکردوو و کۆمەڵگەیەکی ئارام و سیستەمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەقامگیرە لە هەرێمەکەمان، هەر بۆیە ئێمە کار دەکەین بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتیی خوێندن و فێرکردن و توێژینەوەی زانستی لە دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە کوردستان."

د. عەلى قەرەداغى، ستایشى کارەکانى وەزارەت و هەنگاوەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى کرد بە ئاراستەى پێشخستنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى لە زانکۆ و دامەزراوەکاندا.