٢٨٤ قوتابی لە کۆليژەکانی زانکۆی جیهانی دهۆک دەرچوون
هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KRD) - لە ڕێوڕەسم و ئاهەنگى شەشەمین خولى دەرچووانى زانکۆى جیهان – دهۆک بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢١-٢٠٢٢)، ٢٨٤ دەرچوو لە چوار کۆلێژ و نۆ بەشى جیاجیا بڕوانامەى بەکالۆریۆسیان لەو پێبەخشرا.
ڕێوڕەسمى ئاهەنگى دەرچووانى زانکۆى جیهان – دهۆک، بەهاتنەژوورەوەى دەرچووان دەستىپێکرد.
لە گوتەیەکدا بەڕێوەبەرى خوێندنى تایبەت لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دەستخۆشى لە سەرۆکایەتىی زانکۆى جیهان- دهۆک کرد بۆ پێگەیاندنى نەوەیەکى نوێ بۆ کۆمەڵگە.
هەروەک ئیبراهیم ڕەشید، بەڕێوەبەرى خوێندنى تایبەت گوتیشى: "دەبێت هەموومان هەوڵبدەین زانکۆکانمان ببنە باشترین زانکۆکان لەسەرتاسەرى جیهان و لەسەر ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بۆ ئەوەى بتوانین بەشداریی ڕاستەقینە لە بەرهەمهێنانى توانا مرۆییەکانى وڵاتەکەمان بکەین؛ وەک وەزارەت بە ڕژدی هەوڵدەدەین لەگەڵ زانکۆ تایبەتەکان کارى هاوبەش و پێکەوەیی بکەین و چاومان لەوەیە زانکۆ تایبەتەکان لەناو پڕۆسەى ڕیفۆرمى خوێندنى باڵادا هەروەک چۆن پێشتر بەشداربوون، ئێستاش لە بەشداریکردن بەردەوام بن."
بەڕێوەبەرى خوێندنى تایبەت گوتیشى: "کەرتی خوێندنی تایبەت بەشێکی گرنگی سیستمی خوێندنی وڵاتەکەمان پێکدەهێنێت، وەزارەتی خوێندنی باڵا بە گرنگییەوە لە زانکۆ تایبەتەکان دەڕوانێت، چاوەڕوانی ئێمە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە زانکۆ تایبەتەکان ئەوەیە بە ئاستێکی زانستیی بەرز و بە پێی ستانداردی ئەکادیمی خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش بکەن، دەبێت زانکۆ تایبەتەکان زیاتر خۆیان ماندوو بکەن و وەبەرهێنانی زیاتر لەپەرەپێدانی کوالیتیی خوێندن و ڕاهێنان ئەنجام بدەن. چونکە گەنجانی وڵاتەکەمان شایستەی باشترین و بەرزترین ئاست و کوالیتیی خوێندنن."
هەریەک لە د. نەوزاد باجگر، سەرۆکى دەستەى ئەمیندارانى زانکۆکانى جیهان و د. زێرەڤان ئەسعەد، سەرۆکى زانکۆى جیهان – دهۆک، دواى پیرۆزباییکردن لە دەرچووان، داوایان لە دەرچووان کرد بە بیر و توانای هزری و داهێنەرانەیان بەشداریی کارا بکەن لە بنیاتنانی نیشتمان و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری هەرێم.
دواتریش بڕوانامە و خەڵاتى ڕێزلێنان بەسەر یەکەمەکانى کۆلێژ و بەشەکاندا دابەشکرا.