Skip to the content

چارەسەرە زانستییەکانی بەکارهێنان و خۆپاراستن لە مەترسییەکانی غازی شل دەخرێنەڕوو

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، بە ئامانجى باشتر بەکارهێنانی گازی LPG و خستنەڕووى ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی له‌سه‌ر گرنگیی ئه‌و بابه‌ته‌ بەمەبەستى زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان کراون، بە هاوکاریی پسپۆڕان و شارەزایان لە بەشە جیاجیاکانی سیستەمەکە، وۆرکشۆپی "گازی شل لەپێناو خۆشگوزەرانی و ڕێکارەکانی خۆپاراستن" لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى بەڕێوەچوو.

وۆرکشۆپەکە بە چاودێریی د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبوونى د. هۆشیار عه‌بدولڵا، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچوو و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

لەو وۆرکشۆپەدا ڕاگری كۆلێجی ته‌كنیكیی ئه‌ندازیاریی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و د.هۆشیار عه‌بدولڵا عه‌زیز، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، باسیان لە گرنگیی ئەو بابەتە و مەترسییەکانی و لێکۆڵینەوەی زانستیی زانکۆکان کرد بە مەبەستی ڕێگریکردن لەو ڕووداوانەی بە هۆی سیستەمی غازەوە ڕوودەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا نابێت گرنگیی غازی شلمان لەبیرچێتەوە، بەڵکو کارە درووستەکە ئەوەیە بە درووستی و زانستی بەکاربێت.

له ‌كۆتاییدا وه‌زیری خوێندنی باڵا ڕێکخەرانى وۆرکشۆپەکەى ڕاسپارد له‌ڕێی خۆیانه‌وه‌ كار له‌سه‌ر ڕاسپارده‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بکەن، بۆ ئەمەش هه‌موو پشتیوانییه‌كی خۆی و وه‌زاره‌تی ده‌ربڕی كه‌ پێویست بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی زانستییانه‌ی ئه‌و گرفته‌‌.

وا بڕیارە لەماوەى کاره‌كانی دوو ڕۆژی وۆرکشۆپه‌كەدا چه‌ند سیمینارێك لەبارەى ئەم پرسە پێشكه‌ش بکرێت و چارەسەرەکانی بخرێنەڕوو.