Skip to the content

ڕێوڕەسمى دەرچوانى خولى ١٢ی زانکۆى لوبنانى فەرەنسى لە هەولێر بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بەئامادەبونى د.ژاڵە سعید خطاط، نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان، ڕێوڕەسم و ئاهەنگى دەرچووانى خولى ١٢ى زانکۆى لوبنانى فەرەنسى لە هەولێر بەڕێوەچو.

لە وتەیەکدا بە نوێنەرایەتى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، د. ژاڵە سعید خطاط، دواى پیرۆزبایى کردن لە دەرچوانى ئەم خولەى زانکۆکە، ئاماژەى بە رۆڵى زانکۆى لوبنانى فەرەنسى کرد، بۆ پەرەپێدان و پێگەیاندنی نەوەکان و کارکردنیان لەسەر ئامادەکردن و گەشەپێدانى توانا و لێهاتوییەکانی گەنج و ڕۆڵەکانی کوردستان و بەشداریکردنیان لە پرۆسەی گەشەپێدانی مرۆیی بەشێوەیەکی فراوان.

لە درێژەى وتەکەیدا، بەڕێوەبەرى گشتى توێژینەوە و پەرەپێدان دوپاتیکردەوە، خوێندنی زانکۆیی لە پاڵ ئەوەی یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکان کە زانیاری تاکەکەسی و شوناسی نەتەوەیی دروستدەکات، لە هەمان کاتدا وەبەرهێنانێکی نموونەییشە بۆ خێزان، بۆ ئەوەی ڕۆڵەکەی شارەزایی و کارامەیی بەدەست بهێنیت، کە ئەمەش دەبیتە هۆی سەرچاوەیەکی مادی و مەعنەوی یارمەتیدەر بۆ بەدەستهێنانی پێداویستییەکانی ژیان و ئاستی بژێوی خۆی و خێزانەکەی لە داهاتودا.

د. ژاڵە ئاماژەشی بەوەدا کە، خوێندن لەسەر ئاستی وڵات وەبەرهێنانە لە هەمو سیستەمی خوێندن و ئامادەکردنی نەوەی داهاتوو. هەروەها وەبەرهێنانە لە بونیاتنانی مرۆڤ لەو وڵات و کۆمەڵگەیەی لێی دەژیت بۆ ئەوەی شارەزایی و کارامەیی بەدەست بهێنێت، کە یارمەتی دەدات ببێتە مرۆڤێکی سودبەخش بۆ خۆیی و کەسانی تر، بەمەش دەبێتە بەشدارێکی کارا لە بونیاتنان و پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا.

لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا بەڕێوەبەرى گشتى توێژینەوە و پەرەپێدان، ئاماژەى بە کارنامەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد بۆ تەرخانکردنى هەموو هەوڵ و تواناکان ،بۆ ئەوەی زانکۆکانى کوردستان بگاتە ئاستی زانکۆ پێشکەوتوەکانی جیهان. بەو ئامانجەى زانکۆکان تەنیا جێگایەک نەبێت بۆ بەخشینی بڕوانامە، بەڵکو سەنتەرێک بێت بۆ داهێنان و پێگەیاندن، بۆ ئەمەش دوپاتیکردەوە پێویستە هەموان پشتگیری چاکسازی کەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵا بکەین و ئاستی زانکۆکانمان زیاتر بەرزبکەینەوە.

بەڕێوەبەرى گشتى توێژینەوەو پەرەپێدان ڕاشیگەیاند:'' وەزارەتی خوێندنی باڵا کاردەکات بۆ پێشخستنی زانکۆو دامەزراوەکانى بەتایبەتی لە بواری خوێندنی پیشەیی و فرەڕەنگ کردنی بوارەکانی خوێندن، بە ئامانجی بەدەستهێنانی ژینگەیەکی زانستی گونجاو بۆ قوتابیان و خوێندکاران. لەم ڕوەشدا بەشێکی بەرچاوی کارەکانمان تەرخانکردوە بۆ ڕیفۆرم لە هەردوو کەرتی خوێندنی گشتی و تایبەت، ئەمەش لە ڕێگەی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و بەرزکردنەوەی کواڵتی خوێندن و یەکخستنی پێوەرە زانستییەکان لە نێوان هەردو کەرتی گشتی و تایبەت.''