Skip to the content

یۆنان دەرفەتی خوێندن بۆ قوتابیانی کوردستان دابیندەکات

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - نیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتى ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پێشوازی لە د. ستاڤرۆس کێریمیس، کونسوڵى گشتیی یۆنان لە هەرێمى کوردستان و شاندێکی یاوەری کە پێکهاتبوون لە نوێنەری زانکۆکانی یۆنان کرد.

لە دیدارێکدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتیی وەزارەت ئامادەی بوون، وەزیرى خوێندنى باڵا لەپاڵ بەخێرهێنان جەختى لەسەر هەماهەنگى و پەیوەندیی بەردەوام لە بوارى خوێندن و فێربوون لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى وڵاتى یۆنان کردەوە، بەتایبەت بۆ ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى و پەرەپێدانى تواناکان.

گوتیشی: "خۆشحاڵین کە خوازیارانی ئێمە لەو بوارانەی کە لە زانکۆکانی یۆنان بۆیان دەڕەخسێندرێت سوودمەند دەبن، بەتایبەت لە بواری فەلسەفە و پێداگۆجی، بۆ ئەوەش ئێمە هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین لەو بەرنامانە سوودمەندبین و کاردانەوەی زانستیی باش بەدوای خۆیدا بهێنێت.

لەلایەن خۆیەوە کونسوڵى گشتیی یۆنان لە هەرێمى کوردستان، دوایین زانیاری لەبارەی پێدانى ژمارەیەک سکۆلەرشیپى خوێندن بۆ فێرخوازانى هەرێمى کوردستان لەلایەن وڵاتى یۆنان بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، بۆ ئەوەش گوتی: "کارەکانمان چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی تا کۆتایی ئەمساڵ هەموو ئەو پڕۆگرامانەی کە بە زمانی ئینگلیزی لە زانکۆکانی یۆنان دەخوێندرێن بۆتانی ڕەوانە بکەین."
گوتیشی: "ئەم پڕۆگرامە دەبێتە دەرفەتێکی گرنگ بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە زانستییەکانی نێوان هەردوولا."