Skip to the content

ئەنجامى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان ڕاگەیەنرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى ڕێکەوتی ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لەمیانەى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەیدا کە بۆ ڕاگەیاندنى ئەنجامى وەرگرتنى قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان ڕێکخرابوو، دکتۆر ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند، "بۆ ئەمساڵى خوێندنیش وەک ساڵانى ڕابردوو، ١٠٠%ی دەرچووانى قۆناغى دوانزەى ئامادەییمان لە زانکۆ و پەیمانگە حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان وەرگرتووە."

لە سەرەتاى کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، دکتۆر ئارام محەمەد قادر، دواى پیرۆزباییکردن لە دەرچووانى دوانزەى ئامادەیی و کەسوکاریان، سوپاسى وەزارەتى پەروەردەى کرد، کە بەردەوام هاوکار و هەماهەنگىی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بوون، بەتایبەت لە پڕۆسەى گواستنەوەى داتاکانى دەرچووانى دوانزەى ئامادەیی.

"هەر لەو چوارچێوەیەشدا توانرا ٦٣ هەزار کورسىی خوێندن بۆ ئەمساڵى خوێندن تەرخان بکەین، کە بەراورد بەساڵى ڕابردوو ٦ هەزار و ٤١٥ کورسى خوێندن زیاترە."

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، د.ئارام محەمەد قادر ڕایگەیاند، "بۆ ئەمساڵى خوێندنیش وەک ساڵانى ڕابردوو ١٠٠%ی دەرچووانى قۆناغى دوانزەى ئامادەییمان لە زانکۆ و پەیمانگە حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان وەرگرت، تەنها ژمارەیەکى کەم لە پێشکەشکاران کە ژمارەیان تەنها ٣٦٨ خوێندکارە، بەهۆى هەڵە لە پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان ناویان نەهاتووەتەوە؛ ئەوانیش لە ڕێگەى فۆرمى سکاڵا دواتر بەپێى نمرەکانیان لە بەشە شایستەکان جێگەیان دەکرێتەوە."

ئەوەشى ڕاگەیاند، "دواى تەواوبوونی پرۆسەکە، لە ئێستادا ٢٢ هەزار کورسى بەتاڵ ماوەتەوە، کە ئەوەش بریتیە لە سوودوەرگرتن لەوپەڕى تواناى زانکۆکانمان، بۆ ئەوەش سوپاسى تەواوى سەرۆک زانکۆ و مامۆستایانى بەشە جیاکانى کرد، کە هاوکار و پشتیوانى وەزارەت بوون."

لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، د.خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەرى گشتىی خوێندن و پلان و بەدواداچوون، لە وەزارەتى خوێندنى باڵا باسى لە وردەکاریی وەرگرتنى دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى کرد، کە ئەوەش بەم شێوەیە بوو:

کۆی گشتیی دەرچووان: ٣٦٦٨٠
دەرچووانی زانستی: ٢٥٩٢٧
دەرچووانی وێژەیی: ١٢٧٠٨
کۆی گشتیی پلانی وەرگرتن: ٦٣٢١٩
پێشکەشکار لە دەرچووانی ساڵی ٢٠٢٢: ٢٧٧٢٨
پێشکەشکار لە دەرچووانی ساڵی ٢٠٢١: ٩٣٥٤
پێشکەشکار لەدەرچوانی ساڵانی ڕابردوو: ٧٣٢٦
کۆی پێشکەشکاران: ٤٤٤٠٨
کۆی گشیی وەرگیراوان: ٤١٢٥٣
وەرگیراوی دەرچووانی ئەمساڵ: ٢٧٣٦٠

لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ئارام ئیراهیم، بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن، باسى لە چۆنیەتیی پێشکەشکردنى سکاڵا کرد کە لە ڕێگەى وێبسایتى (Regayzanko.com) ئەنجام دەدرێت.