Skip to the content

خوێندنی باڵا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی نەبوونی ناونیشانیی وەزیفی قوتابیانی زانکۆی چەرموو دەدات

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتى ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، دکتۆر ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لە دیوانى وەزارەت لەگەڵ خوێندکاران و قوتابیانى زانکۆى چەرموو کە گرفتى ناونیشانى وەزیفیان هەیە و ناونیشانەکانیان ڕوون نییە، کۆبووەوە.

لە دەستپێکدا دکتۆر هەڵمەت ڕەشید، سەرۆکى زانکۆى چەرموو، لە گوتەیەکدا ئاماژەى بەو ئەو بەشانە کرد کە ناونیشانى وەزیفیان نییە. بۆ ئەمەش خوێندکاران و قوتابیانى بەشە جیاجیاکانى زانکۆى چەرموو، کێشەکانى خۆیان بۆ وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خستەڕوو و داوایان کرد کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گوتی، "بە ئەرکى خۆمان دەزانین لە نزیکەوە ئاگادارى هەر کێشە و گرفتێک بین کە لە بەشێکدا یان کۆلێژێکدا هەبێت، لە هەمان کاتیشدا بۆ هەر یەک لە کێشەکان، هەوڵی چارەسەرکردنى ڕژد دەدەین؛ بەتایبەت بۆ بابەتى ئەو بەشانەى کە ناونیشانى وەزیفیان ڕوون نییە، هەروەها لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و سەندیکا و ڕێکخراوە تایبەتمەندەکان دەست بە گفتوگۆ دەکەین، بۆ دۆزینەوەى چارەسەر و پاراستنى ڕەنجى چەند ساڵى خوێندنیان."

هەر لە کۆبوونەوەکەدا دکتۆر ئارام محەمەد قادر، بڕیاری پێکهێنانى لیژنەیەک لەسەر ئاستى وەزارەت دا، بۆ بەدواداچوونى تەواوى ئەو کێشە و گرفتانەى لەسەر ئەم بابەتە هەیە.
وایش بڕیارە بە زووترین کات لیژنەکە سەردانى زانکۆى چەرموو بکات و لەگەڵ خوێندکارانى زانکۆ کۆببێتەوە، بۆ ئەوەى چارەسەرى گورج بۆ گرفتەکان بدۆزرێتەوە.

لە کۆتاىی کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە بەڕێوەبەرى گشتىی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەرى گشتیی کارگێڕى و دارایى وەزارەت ئامادەی بوون، خوێندکاران ئامادەیى خۆیان بۆ هاوکاریی وەزارەت بە مەبەستى چارەسەرکردنى گرفتەکانیان دەربڕی.