Skip to the content

زانکۆی کۆیە پڕۆژەیەکی توێژینەوە لە بواری "سیاسەتی ئابووری لە پەروەردەدا" جێبەجێ دەکات

هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KRD) - زانکۆی کۆیە لە نۆزدەمین ساڵیادى دانانی بەردی بناغەیدا، ڕێوڕەسمێکی تایبەتی بۆ ڕاگەیاندنی پاڵپشتی دارایی (Grant) لە بواری سیاسەتی ئابووری لە پەروەردەدا ئەنجام دا.

لە ڕێوڕەسمى ڕاگەیاندنى پاڵپشتییەکەدا کە دکتۆر ئامانج عەبدولڵا سەعید، ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بە نوێنەرایەتیی دکتۆر ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادەی بوو، دکتۆر محەمەد حەسیب، سەرۆکى زانکۆى کۆیە، لە گوتەیەکدا رایگەیاند، "ئەم پاڵپشتیە داراییە لەلایەن دەزگای بریتیش ئەکادیمی بەریتانییەوە تەرخانکراوە و بڕەکەی نزیکەی ٩٤٥ هەزار پاوەندی بەریتانییە، کە دەکاتە زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکی. ئەم پڕۆژەیە تەنیا بواری پەروەردە لە چوارچێوەی خوێندنی باڵا ناگرێتەوە، بەڵکو ئامانج لێی درووستکردنی کاریگەرییە لەسەر کۆی پڕۆژەی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پڕۆگرامی خوێندن. بۆیە زانکۆی کۆیە لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە دەبێتە ناوەندێکی توێژینەوە و پەرەپێدانی زۆر گرنگ لەسەر ئاستی عێراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئامانجەکانی بریتین لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە، توێژینەوە و داهێنان و پەرەپێدانی تواناکان."

شایانی باسە زانکۆی کۆیە لە ڕێگەی ئەم پڕۆژە هاوبەشەی لەگەڵ زانکۆی ئۆڵستاری ئیرلەندی-بەریتانی، دەتوانێت ببێتە ناوەندی توێژینەوەی تایبەت لە بواری "سیاسەتی ئابووری لە پەروەردەدا"، لەناو زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.

هەروەها ئەم پڕۆژەیە لەڕێگەی پێشنیارکردنی شێواز و مێتۆدی تایبەتی توێژینەوە و کارکردن بۆ بە دامەزراوەییترکردنی بواری توێژینەوە لە زانکۆی کۆیە، یارمەتیدەر دەبێ لە ڕیزبەندیی نێودەوڵەتى بۆ زانکۆی کۆیە، هەروەها ئەم پڕۆژەیە کار دەکات لەسەر پەرەپێدان بە توانای ستافی زانکۆی کۆیە و پێگەیاندنی تاکی تایبەتمەند لە بواری توێژینەوەدا.

پڕۆژەکە بڕی ٩٤٥ هەزار پاوەندی بەریتانی تێدەچێت و کار لەسەر هەرسێ ڕەهەندی توێژینەوە، تواناسازی و دابینکردنی سەرچاوە دەکات و ماوەی سێ ساڵ دەخایەنێت،

لە گوتەیەکیشدا د. ئامانج عەبدولڵا سەعید، ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بە ناوی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پیرۆزبایی لە زانکۆى کۆیە کرد و گوتى، "بۆ ئێمە جێگەی شانازییە کە دەبینین زانکۆکانمان لە بواری پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەنگاوی گرنگ دەنێن، بەتایبەتی زانکۆی کۆیە بەو مێژووە پڕشنگدارەی کە هەیەتی، بە هەوڵی سەرۆکایەتیی زانکۆ و مامۆستایانی ئازیز و خوێندکارانی زیرەک و بەتوانا، ئاستی ئەم زانکۆیە بەرەو ئاستێکی پێشکەوتوو لەڕووی زانستییەوە دەچێت و جێگەی خۆشحاڵییە کە دەبینین زانکۆی کۆیە لە زۆربەی ڕیزبەندییە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکاندا هەمیشە لە ڕیزی زانکۆ پێشەنگەکانی کوردستان بووە."