Skip to the content

وەزارەتی خوێندنى باڵا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان زانکۆکانی هەرێم و عێراق دەکاتەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KRD) - وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان زانكۆكانی هەرێم و عێراق كردەوە و ئامادەیى بۆ هاوکارىی ئەکادیمى و زانستى لە بوارە جیاجیاکان لە نێوان زانکۆکاندا پیشان دا.

ئەم لێدوانەى دکتۆر ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەمیانى پێشوازیکردنى لە وەفدێکى حکوومەتى عێراقى هات، بە سەرۆکایەتیی سەعد ئەلجیاشی، ڕاوێژکاری ستراتیژی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی عێراق و هەریەک لە سەرۆک زانکۆکانى بەغدا و موسڵ و ئەنبار.

لە دیدارێکدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتیی وەزارەت ئامادەی بوون، تاووتوێكردنی چەند بابەت و پرسێکى گرنگ بە ئامانجی خزمەتكردنی قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران لەنێوان هەردوولا گفتوگۆى لەبارەوە کرا، هەروەها تاووتوێی میكانیزم و ستراتیژەكانی وەرگرتن و ڕێگەكانی پەرەپێدان و بەرزكردنەوەی ئاستى زانستى لە نێوان زانکۆکان کرا.

لە گوتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی هەرێمى کوردستان دووپاتیکردەوە، "بۆ بەرەوپێشبردنى ئاستى پەیوەندییەکان لەنێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و عێراقدا، هەنگاوى باش نراوە. بەتایبەت بۆ پەرەپێدانى ژێرخانى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیی و بابەخدانى زیاتر بە پڕۆگرامەکانى خوێندن و بەستنەوەیان بە بازاڕى کارى کوردستان."

گوتیشى: "دەبێت ستراتیژی کارکردنمان بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و مەعریفى بەشێوەیەک بێت، زانکۆکانمان بگەیەنێتە ئاستی زانكۆ پێشكه‌وتووه‌كانی جیهان، بەوپێیەى زانكۆكانمان زانكۆی ڕه‌سه‌ن و خاوه‌ن مێژوویه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی مه‌عریفین."

لەلایەن خۆشیەوە د. عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق، بریکارى وەزارەت، لە گوتەیەکدا ئاماژەی بە گرنگیی چەسپاندنی یاداشتەكانی لێكتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وەزارەت و زانکۆکانى هەرێم و ناوەند کرد کە ئیمزا کراون؛ بە ئامانجى پەرەپێدانى چالاکیی زانستى و بەرزکردنەوەى ستاندارەکانى خوێندن و پەرەپێدانى کاروبارى زانستى و ئەکادیمى و پیشەیى.

لە بەرانبەردا وەفدى میوان، جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی هاوکاری و ئاڵوگۆڕی چالاکییە زانستییەکان کردەوە و دووپاتیان کردەوە زۆرێك لەو ئەزموونى کارکردنەى لە پڕۆگرامە جیاوازەكاندا لەنێوان زانكۆكانی هەرێم و زانكۆكانی دیكەی ئەنبار و بەغدا و موسڵ ئەنجامدراون، ئەنجامێكی نموونەیی هەبووە؛ بۆتە هۆى ئاڵوگۆرى زیاترى زانستى و ئەکادیمى و مامۆستایان و خوێندکاران.