Skip to the content

وەزارەتی خوێندنى باڵا و بانکی ناوەندی گفتوگۆیان لەسەر خەرجکردنى شایستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران کرد

هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KRD) - بەمەبەستى تاووتوێکردنى شایستە داراییەکانى مامۆستایانى زانکۆ و فەرمانبەران و خوێندکاران و قوتابیان و خەرجکردنى لە کاتى خۆیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەگەڵ بەڕێوەبەرى گشتیی بانکى ناوەندیی هەرێم لە سلێمانى کۆبووەوە.

ڕۆژى شەممە، ڕێکەوتی ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە شارى سلێمانى، پێشوازی لە د. ماکوان جەمیل مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ناوەندیی ھەرێم لە سلێمانی کرد.

لە سەرەتادا وەزیرى خوێندنى باڵا پیرۆزبایی و دەستخۆشى لێکرد، بە بۆنەى دەستبەکاربوونی لە پۆستى بەڕێوەبەرى گشتیی بانکى هەرێم لە سلێمانى و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست، دواتر گفتوگۆ لەبارەى خەرجکردنى شایستە داراییەکانی مامۆستایانی زانکۆکانى کوردستان و فەرمانبەران و قوتابیان و خوێندکاران کرا، بۆ ئەوەی ھەوڵبدرێت مانگانە لەکاتی خۆیدا شایستە داراییەکانیان خەرجبکرێت.

بەڕێوەبەرى گشتیی بانکى ناوەندىی هەرێم لە سلێمانى، گوتی، "هەوڵدەدەین بەوپەڕی شەفافییەتەوە ئەرکەکانی سەرشانمان لەپێناو خزمەتی هاووڵاتیانی کوردستاندا بە بێ جیاوازی جێبەجێ بکەین."

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لە ڕۆژی یەکشەممەوە، ڕێکەوتی ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، پاڵپشتیی دارایی خوێندکاران و قوتابیان بۆ ئەو زانکۆیانە خەرج بکرێت کە تا ئێستا پاڵپشتیی دارایى مانگى حوزەیرانیان بۆ خەرج نەکراوە.