Skip to the content

کۆنفرانسێکى زانستى لەبارەى دۆخی زمانى کوردى بەڕێوەدەچێت

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەسەر داواى ئەنجومەنى وەزیران، بڕیاری هەژمارکردنی ئارەزومەندانەی نمرەی وانەکانی(کوردی و عەرەبی) هەڵدەوەشێنێتەوە و بڕیارەکەش لەسەر ئەو خوێندکارانە جێبەجێدەکرێت کە لەساڵی خوێندنی (٢٠٢٥ - ٢٠٢٦) دەگەنە قۆناغی دوازدەی ئامادەیی. لەهەمان ئەو ماوەیەدا وەزارەت کار دەکات بۆ گۆڕینی سیستەمی ناوەندی وەرگرتن، لە ڕێگەی هێنانەکایەی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی نیشتمانی بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان.

رۆژی دوشەمە ڕێکەوتى ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبونەوەى ژمارە (٧)ى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى بەڕێوەچو.
لە خاڵى یەکەمى بەرنامەى کارى کۆبونەوەکە، کە بە ئامادەبونى نوێنەرانى دەرچوانى ساڵى ڕابردوى ١٢ی ئامادەیى بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بە زیادکردنى کورسى خوێندنى پارالێل لە کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی، بۆ ئەم پرسە ئەنجومەنى وەزارەت دواى تاوتوێکردنى ورد و گفتوگۆى چڕو وەرگرتنى وتەى هەریەک لە نوێنەرى خوێندکاران و قوتابیان، بڕیاردرا لە ڕێگەى لێژنەیەکى تایبەتمەند لەو زانکۆیانەى کۆلێژى پزیشکییان هەیە ئەم بابەتە دیراسە بکرێت و دواتر پێشنیازەکانیان بۆ ئەنجومەنى وەزارەت بەرزدەکرێتەوە.

خاڵى دوەمى بەرنامەى کارى کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە یەکخستن و ڕێکخستنى کرێى خوێندنى پارالێل لە زانکۆکانى کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەت کار بۆ یەکخستنی کرێی خوێندنی بەشە هاوشێوەکان لەسەرجەم زانکۆکاندا دەکەن.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پاڵپشت بەدیدگاو بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری ئەژمارکردنی ئارەزومەندانەی نمرەی وانەکانی (کوردی و عەرەبی) هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام کاتی جێبەجێکردنی بڕیاری هەڵوەشانەوە لەسەر ئەو قوتابی و خوێندکارانە جێبەجێدەکرێت کە لە ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥-٢٠٢٦)دا لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەبن، واتە لەو ساڵەوە وانەی زمانی کوردی و عەرەبی لەقۆناغی دوانزەی ئامادەیی وەک سەرجەم وانەکانی دیکە لە سیستمی وەرگرتن ئەژمار دەکرێت.

لەهەمان ئەو ماوەیەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کار دەکات بۆ گۆڕینی سیستمی ناوەندی وەرگرتن، لە ڕێگەی هێنانەکایەی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی نیشتمانی بۆ وەرگرتن لەزانکۆ و پەیمانگەکان، کە تیایدا ڕەچاوی خولیاو ئارەزو و توانای داهێنان و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەو ئاراستەی پیشەیی خوێندکاران و قوتابیان بکرێت و زانکۆکانیش بەشداربن لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی دەرچوانی ئامادەیی لەسەر بنەما و پرەنسیپەکانی خوێندنی پەیوەندیدار (Relevant Education).

بەپێى خاڵێکى دیکەى بەرنامەى کارى کۆبونەوە، ئەنجومەنى وەزارەت تاوتوێی کۆنفرانسى زانستى تەکنیکى و پیشەیى (TVET) لە هەرێمی کوردستان کرد، کە بڕیارە لە کۆتاى مانگى داهاتو لەشارى هەولێر ئەنجامبدرێت، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوپاتیکردەوە کە: ستراتیژیەتى کارکردنى وەزارەت لەم کابینەیە دابینکردن و پێگەیاندنى کادیرى پێویستە بۆ بازاڕى کارى کوردستان، بەشێوەیەک خاوەن کارامەیى بن و بتوانن تواناکانیان بۆ خزمەتى سێکتەرە جیاوازەکان بەکاربهێنن، بۆ ئەمەش ئاماژەى بەوە کرد وەزارەتى خوێندنى باڵا کاردەکات بۆ فراوانکردنى پانتایى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى لە هەرێمى کوردستان لەهەردو کەرتی گشتی وخویندنی تایبەت دا چونکە لە ئێستادا بازاڕى کارى کوردستان لە هەموکات زیاتر پێویستى بەکادیرى تەکنیکى و پیشەیى هەیە، بۆیە بونیاندنانەوەو پەرەپێدانى هەرێمەکەمان بەبێ بونى توێژێکى کارا لە کادیرانى تەکنیکى کارێکى ئەستەمە.

هەر لە کۆبونەوەکەدا ئەنجامدانى کۆنفرانسێکى زانستى دەربارەى دۆخى زمانى کوردى لە ناوەندە پەروەردەیى و ئەکادیمییەکان و کارگێرییەکاندا پەسەندکرا، بۆ ئەمەش لایەنە پەیوەندارەکان ڕاسپێردران بۆ ئەنجامدانى ئامادەکارى پێویست بۆ بەستنى ئەم کۆنفرانسە.

بۆ چارەسەرکردنى ناونیشانى وەزیفى ئەو بەشانەى زانکۆى چەرمو لە چەمچەماڵ کە ناونیشانى وەزیفیان نیە یان ناونیشانەکانیان ڕون نین، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆنوسى لێژنەى تایبەتمەندى وەزارەتى بەکۆى پێشنیازەکان پەسەندکرد، کە لەپاش کۆبونەوەیان لەگەڵ خوێندکاران و قوتابیان و وەرگرتنى ڕاى شارەزایان و پسپۆڕانى بوارى کارگێڕى و دارایى، چارەسەری پێویستیان بۆ ئەو بەشانە دیارى کردبو کە کێشەى ناونیشانیان هەبوە.